کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران تەقەیان لە ناڕازییانی ڕێورەسمی یادکردنەوەی قاسم سلێمانی کرد

12:20 - 19 بەفرانبار 2721

لە تەقەکردنی گرووپێکی میلیشایی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ناڕازییانی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی کوژرانی تێرۆریست ''قاسم سلێمانی'' فەرماندەی پێشووی لقی قودسی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، دوو عێراقی بریندار بوون.

بەرپرسێکی ئەمنییەتیی عێراق ڕۆژی شەممە ١٨ی بەفرانبار بە هەواڵدەریی ''فەرانسە''ی وتبوو کە نزیکەی ١٥٠ هەتا ٢٠٠ کەسی ناڕازی بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی قاسم سلێمانی لە شاری ''کوت'' بە نیشانەی ناڕەزایەتی هەوڵیان دابوو کە ڕێوڕەسمەکە کۆ بکەنەوە و بنێر و وێنەی قاسم سلێمانی بدڕێنن کە لەلایەن گرووپێکی میلیشایی تەقەیان لێ کراوە کە دوو کەس بریندار بوونە.

ئەو بەرپرسە ئەمنییەتییە باسی لەوە نەکردووە کە کام گرووپ بووە کە تەقەی لە ناڕازییان کردووە، بەڵام ''سەجاد سالم'' لە نوێنەرانی سەربەخۆی پارلمان ڤیدیۆیەکی لە ڕووداوی تەقەکردنەکە بڵاو کردووەتەوە کە پیشان دەدات ئەو کەسانەی کە تەقەیان لە ناڕازییان کردووە، سەر بە گرووپی ''عەسائیبی ئەهلی حەق'' سەر بە ڕێژیمی ئێران بوونە.

هەواڵدەریی فەرانسە باسی لەوە کردووە کە دوای ئەو تەقەکردنە ڕێوڕەسمەکە تێک چووە و هێزی ئەمنییەتیی زۆر بۆ نێو شاری کوت ڕەوانە کراون.

لە ڕۆژانی ڕابروودا تاقم و گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق دووەمین ساڵوەگەڕی کوژانی تێرۆریست قاسم سلێمانییان یاد کردووەتەوە، لە حاڵێکدا لە چەند شاری ئێران خەڵک وێنە و پێکەری ئەو تێرۆریستەیان سوتاندووە.