کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران ئەبووکەماڵیان چۆڵ کردووە

11:11 - 17 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە ڕایگەیاندووە کە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی ئەبووکەماڵی سووریە بنکەکانیان چۆڵ کردووە.

گرووپی دیدەبانی مافی مرۆڤی سووریە ڕایگەیاندووە، میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بە مەبەستی پاراستنی خۆیان لە بۆردومانە ئاسمانییەکانی بنکەکانیان، ناوچەی ئەبووکەماڵیان بەجێ هێشتووە و لە مەزراکانی دەوروبەری "ڕۆخانەی فورات"، گیرساونەتەوە.

حەوتووی ڕابردوو، هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ٥ بنکەی میلیشیا چەکدارە عێراقییەکانی لایەنگری ڕێژیمی ئێرانیان بۆردومان کرد کە ٣ بنکەیان لە عێراق و ٢ بنکەشیان لە سووریە بووە.

میلیشیا چەکدارە عێراقییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیران بە پشتیوانیی سپای تیرۆریستی پاسداران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، لە ناوچە جیاوازەکان جێگیرن و لەپێناو سیاسەتی لەمێژینەی ڕێژیمی ئێران بەمەبەستی هەناردەکردنی شۆڕش، چالاکی دەکەن.

پاش کوژرانی پاسداری تێرۆریست "قاسم سلێمانی" لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە، ڕێژیمی ئێران و تەواو هێزە میلیشیاکانی لە ناوچەکەدا کەوتنە ئامادەباشییەوە و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ئامریکا دەکەن.