کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هێرشێکی چەکدارییان کردە سەر بارەگاکانی پێشمەرگە لە قەزای شەنگال

17:17 - 3 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: میلیشیا چەکدارەکانی حەشدی شەعبی سەربە سوپای تیرۆریستی پاسداران هێرشێکی چەکدارییان کردە سەر بارەگایەکی پێشمەرگەکانی کورستان لە قەزای شەنگال.

میدیاکانی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند: شەوی یەکشەممە لە سەر دووشەممە کاتژمێر ۱۲:۳۰ خولەک تا ۱:۰۰ـی نیوەشەو بە کاتی هەولێر، گرووپێکی چەکدار لە هێزی "بەدر"ـی میلیشیا چەکدارەکانی حەشدی شەعبی سەربە سوپای تیرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە عێراق، هێرشێکی چەکداریی لەناکاویان کردووەتە سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە لە شەنگال و ۳۰ پێشمەرگەی ئەو بنکەیان دەستبەسەر کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانن بەڵام پاش چەند کاتژمێر ئازادیان کردن.

حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی ئێزیدخان و سەرۆکی پارتی دێموکراتی ئێزیدی لە شەنگال، لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: "تاکوو ئێستا ئێمە نازانین هۆکارەکانی پشت ئەم هەنگاوەی حەشدی شەعبی چییە".

کەرتی فەرماندەیی نەینەوای میلیشیا چەکدارەکانی حەشدی شەعبی سەربە سوپای تیرۆریستی پاسداران، پێشمەرگە دەستبەسەرکراوەکانی بە گرووپێکی چەکداری لە قەڵەمدا و لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند هێزێکی هاوبەشی هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی، گرووپێکی چەکداریان دەسبەسەر کردووە و وتوویانە سەربە لایەنێکی فەرمین لەو قەزایە کە ژمارەیان ۳۰ کەس بووە.