ڕۆژی چوارشەممە کاتژمێر ٨ و ٣٠ خوڵەکی شەو، میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بە ٦ مووشەکی کاتیۆشا نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەوڵێر و سەربازگەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییان کردە ئامانج.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان، موشەکەکان لە سنووری ''بەرتلە'' لەنێوان گوندەکانی ''شیخ ئەمیر و تەرجلە'' لەسەر پیکابێک هاوێژراون؛ ئەم دەڤەرەش دەکەوێتە سنووری لیوای ٣٠ی حەشدی شەعبی.
هەروەها دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان لەسەر وەردەکارییەکانی ئەم هێرشە ڕایگەیاند: ''له سنوورى گوندى شێخ ئهميرهوه که سهر به پارێزگاى نهينهوايه لهلايهن ميليشياکانى حهشدى شهعبييهوه ٦ مووشهک به ئاراستهى فڕۆکهخانەی نێودهوڵهتىی ههولێر هاوێژران، بهڵام دوور له فڕۆکهخانه له چۆڵهوانى کهوتنه خوارهوه و دوو لهو مووشهکانهش نهتهقيونهتهوه و خۆشبهختانه هيچ زيانێکى لێ نهکهوتهوه".
لەو پێوەندییەدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشەی کردووە و وتوویەتی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی کوردستان قبووڵ ناکات و وەڵامیشمان بۆی زۆر توند دەبێت".
''وەین مەراتۆ'' وتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە تویتێکدا لەبارەی ئەم هێرشە باسی لەوە کرد: "ئەم هێرشە هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی نەبووە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە".
ئەم هێرشە لە حاڵێکدا ئەنجام دراوە کە ئامریکا حەوتوویەک لەمەوپێش هۆشداریی دابوو کە ئەگەر دەوڵەتی عێراق هێچ هەنگاوێکی کاریگەر بۆ پێشگیری لە کردنە ئامانجی باڵوێزخانەی ئامریکا کە لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە دەکرێتە ئامانجی مووشەکی هەڵنەگرێت، باڵوێزخانەی لە بەغدا دادەخات و بۆ هەولێری ڕادەگوازێت.