کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران جارێکی دیکە هێرشیان کردە سەر هەولێر

12:54 - 12 بانەمەڕ 2722

لە دوای هێرشی مووشەکیی بۆ سەر پاڵاوتگەی شیرکەتی "گرووپی کار" لە قەزای "خەبات" لە دەوروبەری "هەولێر" شورای ئەمنییەتی هەرێمی کوردستان میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لەوانە "عەسائێبی ئەهلی حەق و تیپی ٣٠ی حەشدی شەبەکـ"ـی بە تێرۆریست ناو برد و ئەوانی بە بەرپرسی ئەو هێرشە زانی.

هەروەها ڕێکخراوی دژە تێرۆری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە: "چەندین جارە لە شوێنێکی دیاری سنووری شارۆچکەی حەمدانییە کە دەکەوێتە نێوان بارەگای فەوجی مەغاویری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی نەینەوا و بارەگای چەکدارانی عەسیائب لە بەرتەلە و بارەگای لیوای ٣٠ی حەشدی شەبەک، لەلایەن گرووپە لە یاسا دەرچووەکان هێرشی مووشەکی دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان. 

 وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاندووە: "ئەو هیرشە هیچ زیانێکی گیانی بەدوادا نەهاتووە و لێکۆڵینەوەکان لەوبارەیەوە دەستیان پێکردووە." 

"ئومێد خۆشناو" پارێزگاری "هەولێر" لە دوای سەردانکردنی بۆ شوێنی هێرشەکە وتوویەتی: "ئەو هێرشە بە مووشەک لەلایەن ملیشیاکانەوە ئەنجام دراوە".

لەو پەیوەندییەدا "هوشیار زێباری" وەزیری دەرەوەی پێشووی عێراق "ئەو میلیشیایانەی بە یاساشکێن ناو بردووه".

شیرکەتی "گرووپی کار" کە لە بواری نەوتەوە چالاکی دەکات سەر بە "بازکەریم بەرزنجی" سەرمایەداری خەڵکی "هەولێر"ە کە ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ خانووەکەی لەو شارە کەوتە بەر هێرشی مووشەکیی سپای تێرۆریستیی پاسداران.