کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە، لە ترسی هێرشەکانی ئیسرائیل شوێنەکانیان ڕادەگوێزن

12:04 - 28 سەرماوەز 2721

دوای پەرەسەندنی زیاتری هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و بارەگای گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە، لە حەوتووەکانی ڕابردوودا ئەو گرووپانە لە هەوڵدان کە شوێنی بنکە و بارەگاکانیان بگۆڕن یان بنکەکانیان قایمتر بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی سووریە و ڕۆژاوای ڕووباری فورات، لە ترسی هێرشە مووشەکی و ئاسمانییەکانی ئەرتشی ئیسرائیل، دەستیان کردووە بە قایمکردنی زیاتری پێگە نیزامییەکانیان.

ئەو گرووپانە هەروەها لە هەوڵدان کە شوێنی بنکە و بارەگاکانیان لە ناوچەکانی "ڕەقە، دێرەزوور و ئەلمەیادین" بگۆڕن.

هەروەها هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو گرووپانە لە حەوتووەکانی ڕابردوودا چەند باری چەکوچۆڵیان لە ڕێی وڵاتی عێراقەوە پێ گەیشتووە کە لە کامیۆنی میوە و سەوزەمەنیدا جێسازی کرابوون.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو بەشی باشووریی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دەمشق کرایە ئامانجی ئاسمانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل. ئەو فڕۆکەخانەیە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ گواستنەوەی چەکوچۆڵ کەڵکی لێ وەردەگیرێت.