
میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سووریە لە ترسی هێرشەکانی ئەرتشی ئیسرائیل بۆ سەر هێزەکانیان، بنکە و بارەگاکانیان ڕادەگوازن.
ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕێبەندان "چاودێری مافی مرۆڤی سووریە" ڕایگەیاندووە "میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سووریە لە ترسی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، زۆربەی بنکە و بارەگا نیزامییەکانی خۆیان ڕاگواستووە".
بەپێی ئەو هەواڵە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بنکە و بارەگاکانی خۆیان لە نزیکی سنووری ئیسرائیل و سووریە بۆ ناوچە مێژووییەکانی " تەدمر" لە ناوەندیی سووریە ڕاگواستووە.
"چاودێری مافی مرۆڤی سووریە" هەروەها وتوویەتی ژمارەیەکی زۆر لەو میلیشیایانە لە هۆتێلەکانی "مریدین تەدمر"، "زنوبیا" و هۆتێلەکانی "غسان سەعد" لە ناوچەی مێژوویی "تەدمر" نیشتەجێ کراون و چوونەژوور بۆ هۆتێلەکانیان قەدەغە کردووە.
میلیشیا توندڕەوەکانی سەر بە ئێران لە ترسی هێرشە مووشەکی و ئاسمانییەکانی ئەرتشی ئیسرائیل هیچ ئەمنییەتیان نییە و هەر چەند جارێک بنکە و بارەگاکانیان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە ڕادەگوازن.