کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٩ میلیشیای سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە کوژراون

11:21 - 7 سەرماوەز 2720

لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سووریە، ١٩ کەس لە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران کوژران. ئەو ١٩ کەسە لە شیعەکانی پاکستان و سەر بە تیپی "زەینەبیوون" بوونە.

"چاودێری مافی مرۆڤی سووریە" ڕایگەیاندووە، ڕۆژی چوارشەممەش لە هێرشێکی دیکەی ئیسرائیل، ٨ کەسی چەکداری سەر بە ڕێژیمی ئێران کوژران.

"سەعید خەتیبزادە" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران کوژرانی ئەو ٨ کەسەی وەدرۆ خستبووەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لە هێرشێکی هەوایی بۆ سەر بنکەی میلیشیاکانی تیپی "فاتمیوونی سپای قودس" لە "ئەبوو کەماڵ"، ١٤ کەسی دیکە کوژرابوون.

بەرپرسانی ئیسرائیل لە جێگیربوونی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سووریە هۆشدارییان داوە و بەنیسبەت دروستبوونی "بەرەیەکی نوێ" بە دژی وڵاتی ئیسرائیل لە "گوڵان" لەلایەن ئەو ڕێژیمە و حیزبوڵڵاوە نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە.
به‌رپرسانی "مووساد" بەردەوام جەختیان کردووەتەوە، ڕێژیمی ئێران له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوەڕاست له ئاژاوەنانه‌وه ‌و پاڵپشتیکردنی گرووپه تێرۆریستییه‌کان ڕۆڵی سه‌ره‌کیی هه‌یه.