کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧٣مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو

18:01 - 24 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: لە کەمپی جێژنیکان، بە بۆنەی ٧٣مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێوڕەسمێکی بە شکۆ بەڕێوە چوو.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاوی،  بە شداری ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی، کادر، پێشمەرگە، بنەماڵە و میوانان ٧٣مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمی ٧٣مین ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی ژنان بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان "ژیلا موستەئجر" ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێکی بەم بۆنەوە پێشکەش کرد.

ناوبراو لە بەشێکی پەیامەکەیدا باسی لەوە کرد: " مێژوو شایەدی ئەوەمان بۆ دەدات کە دامەزراندنی یەکیەتی ژنان، بوو بە دەروازەیەک کە ژنانی گەلە بەشخوراوەکەمان بۆ یەکەمجار، بە شێوەی رێکخڕاو و سیستماتیک و بە ئۆرگانیزاسیۆنێکی سەردەمیانە، تێکەل بە خەباتی ڕزگاریخوازی و مافخوازانەی گەلەکەمان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بن و هەر وەک بینیمان، یەکیەتی ژنان و بە گشتی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات لە هەوڵدان بۆ خۆڕێکخستن و هاندانی ژنان لە سەرانسەری ئێران بۆ بەشداری لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا، درێغییان نەکردووە".

هاوکات "لوقمان ئەحمەدی" ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێکی پێشکەش کرد.

دواتر پەخشانێل لەژێر ناوی "خۆر لەپشت نیگاتانەوە هەڵدێ" لە لایەن "زەکیە سدقی" پێشکەش کرا.

لەبڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا پەخشانێک لەژێر ناوی "ڕزگاری لە خەم" لە لایەن "مێهربان دێهقان" خوێندرایەوە.

 دواتر پەخشانێک لەژێر ناوی :تۆ نێرگزە چاوگەشەکەی کورد" لە لایەن "گرینگ پیرۆتی"ـیەوە خوێندرایەوە.

پاشان چەند تابلۆی هەڵپەڕکێی کوردی لە لایەن گرووپی هەڵپەڕکێی "گەردەلوول" بە سەرپەرەستیی "چنار مەناف" بە بۆنەی ٧٣مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا.

لەو ڕێوڕەسمەدا چەند پەیامی پیرۆزبایی بۆ ٧٣مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکیەتیی ژنان نێردرابوون کە بریتین لە:

ـ یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ـ یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بۆنەی ٧٣مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دەستەگوڵێک لە لایەن دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش بەو ڕێکخراوەیە کرا.

هاوکات لەو ڕێوڕەسمەدا جۆرەکانی جلوبەرگی ڕازاوەی کوردەواری پیشان درا.

ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداران کۆتایی پێهات.