کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میوەفرۆشەکانی سەقز مانیان گرت

13:15 - 3 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: پاش چەند حەوتوو مشت‌ومڕ لە نێوان دووکاندار و میوەفرۆشەکانی گۆڕەپانی میوەی سەقز لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی سەنعەت و بێ‌ئاکام مانەوەی هەوڵەکانیان، میوەفرۆشانی ئەم شارە مانیان گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ گۆڕەپانی سەرەکی میوە لە شاری سەقز داخراو بووە و دووکاندارانی ئەم گۆڕەپانە ئامادە نەبوون بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان بفرۆشن و مانیان گرتووە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مانگرتنی ئەم سینفە لە بازاڕی سەقز دوابەدوای ئەوە هاتۆتە ئاراوە کە، لەحاڵێکدا بڕیار وابوو ئیزنی سازکردنی گۆڕەپانی نوێی میوە لەلایەن ئیدارەی سەنعەتەوە بە کەسێکی خۆجێیی بدرێت بەڵام دواتر بڕیارەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و دراوە بە کەسێکی ناخۆجێیی کە دەوترێ سەر بە سپای پاسدارانە.

ئەگەرچی ئەم بڕیارەی ئیدارەی سەنعەت ناڕەزایەتی دووکاندارانی ئەم ناوەندەی لێکەوتەوە و لە چەند حەوتووی ڕابردوودا بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی پێوەندیدار لە مشت‌ومڕدا بوون، بەڵام ڕێژیم بێ‌گوێدان بە ویستی خەڵکی ناڕازی لەسەر بڕیارەکەی خۆی سوور بووە.