کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێلیتاریزەکردنی کوردستان بەردەوامە

12:27 - 21 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران، لە ترسی هاتوچۆی پێشمەرگە، گوندە سنوورییەکانی کوردستان دەپشکنێت.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەکدار و گۆپاڵ بەدەستەکانی ڕێژیم، لە ترسی هاتوچۆی پێشمەرگە لە نێو خەڵکی کوردستاندا، بەردەوام گوندەکان دەپشکنێت و مێلیتاریزەیان دەکات.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کردووە کە ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٢٠ی بانەمەر، کۆمەڵێک جاش و پاسداری ڕێژیم ڕژاونەتە نێو گوندی "ماشکان"، لە ناوچەی "بەربنە"ی پیرانشار و بە بیانووی هەبوونی پێشمەرگە ماڵ بە ماڵی گوندەکە گەڕاون.

هەروەها بە خەڵکی گوندەکەیان ڕاگەیاندووە کە نابێت جێگاوبان و شوێنی مانەوە بدەن بە خەڵکانی دیکە.

هەر لەو پێوەندییەشدا، ئێوارەی پێنجشەممە، ١٩ی بانەمەڕ، تێرۆریستانی ڕێژیم، بە هەمان شێوەی گوندی ماشکان ڕژاونەتە نێو گوندی "گردەسوور"ی سەر بە شاری پیرانشار و ئەو گوندەیان مێلیتاریزە کردووە.

تێرۆریستانی ڕێژیم لەو گوندەدا دەستیان بە گەڕان و پشکنینی خەڵک و ماشینەکانیان کردووە و ڕێگایان بە خەڵک گرتووە و ئەزیەت و ئازاریان داون.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەوە باسی لەوە کرد: "هێزەکانی ڕێژیم زیاتر مەبەستیان ترس و دڵەڕاوکێ خستنە نێو دڵی خەڵکی ئەو گوندە بووە تا خۆیان لە پێشمەرگە بە دوور بگرن."