کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێلیتاریزەکردنی کوردستان درێژەی هەیە

12:26 - 31 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی تۆتالیتێری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە درێژەی هەوڵە دژیگەلییەکانیدا، لە سەر ڕێگای هاتوچۆی خەڵک لە گوندەکان مۆڵگە دادەنێت و خەڵک دەپشکنێت.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەمبارەوە ڕایگەیاندووە: "سپای پاسدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لە سەر ڕێگای هاتوچۆی خەڵکی گوندی "هەرکیانی" لە ناوچەی "شپیران" لە شاری سەڵماس، پایەگای داناوە و بەوردی پشکنینی ئەو کەسانە دەکات کە هاتوچۆی ئەو گوندە دەکەن."

هەواڵنێری کوردستان میدیا هەروەها وتی: "زۆربەی هێزەکانی ئەو پایەگایە چڵکاوخۆران و دارەدەستەکانی ڕێژیمن، کە بۆ ئازار و ئەزیەتی خەڵک دانراون و خەڵک ناچارن بۆ ڕۆیشتن بۆ نێو گوندەکە بە نێو تێلدڕووی پایەگاکە و هەروەها چڵکاوخۆرەکانی ڕێژیمدا تێپەڕن.

ئەم حاڵەتە بووەتە هۆی نیگەرانی و ناڕەزایەتیی خەڵک بەرانبەر بەو دۆخە. ڕیژیمی ئێران لەو ڕێگایەوە خەڵکی ناوچەکانی کوردستان دەخاتە ژێر گوشارەوە و بە بیانووی جیاواز، بەتایبەت لە خاڵە سنوورییەکاندا مۆڵگە و پایەگا دادەنێت.