کەریم پەرویزی
سیستمی كۆلۆنیالیستیی حاكم له‌سه‌ر نه‌ته‌وه سته‌ملێكراوه‌كان، نه‌ك ئێستا داگیر ده‌كا، به‌ڵكوو هه‌وڵی شێواندنی مێژوو و چه‌واشه‌كردنی ڕاستییه‌كانیش ده‌دا و به واتایه‌كی دیكه داگیركه‌ری هه‌نووكه‌یی، هه‌وڵی داگیركردنی مێژووش ده‌دا.
له‌م بیركردنه‌وه ئیدئۆلۆژیكییه‌دا، مێژوو وه‌كوو كۆمه‌ڵێك ڕووداوی ڕاستی باس ناكرێ، به‌ڵكوو له نێو ڕووداوه‌كانی ڕابردوودا، هه‌ندێكیان هه‌ڵ ده‌بژێرێ و به ده‌ستێوه‌ردانه‌وه باسیان ده‌كاته‌وه و له په‌نای یه‌كیان داده‌نێ و مێژوویه‌كی ده‌سكردی لێ دروست ده‌كا.
ئه‌م مێژووه ده‌سكرد و درۆینه‌یه ده‌كا به بنه‌مای هۆكارهێنانه‌وه و ئیستدلال و به‌م شێوه‌یه له سه‌ر بناخه‌ی درۆ، درۆیه‌ك بۆ به‌رده‌وامیی سیستمه دژه‌هه‌قیقه‌ته‌كه‌ی ده‌هۆنێته‌وه.
له‌م ڕه‌وته چه‌واشه‌یه‌دا، ته‌نانه‌ت دوای نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ش، مێژووی چه‌واشه ساڵانێكی زۆر دووباره و چه‌ندباره به نه‌وه‌كانی وڵات ده‌گوترێته‌وه و ئێسته هه‌ر كه‌س له ئێران‌دا كتێبی مێژوویی به زمانی غه‌یره فارسی بخوێنێته‌وه به‌ته‌واوی هه‌موو سحر و جادووی مێژووی درۆینه‌ی ئێرانی باستان و سه‌ده‌كانی دواتریشی بۆ ده‌رده‌كه‌وێ.
ئه‌وه‌ی كه سیستمی كۆلۆنیالیستی و به‌ناو ڕووناكبیرانی سه‌ر به‌و سیستمه، كه‌سانێك وه‌كوو فرووغی له سه‌رده‌می پاڵه‌وی و كه‌سانی سه‌ربه كۆماری ئیسلامی وه‌كوو بێهنوود و حه‌جاریان و نووسه‌رانی مێهرنامه و "چشم انداز" و ... ده‌یكه‌ن، به‌تاڵكردنه‌وه‌ی مێشكی مرۆڤه‌كان له نێو كۆمه‌ڵگای فره‌نه‌ته‌وه‌ی ئێراندایه كه ڕابردووی ئه‌م وڵاته پڕئاژاوه‌یه، به‌جۆرێك ڕێك بخه‌نه‌وه كه ناسنامه‌یه‌كی جیاواز بۆ مرۆڤ دروست بكه‌ن.
له‌م ناسنامه ده‌سكرده‌دا، ده‌بێ كورد وای لێ بێ كه پێشه‌وا و كۆماری كوردستان و حیزبی دێموكرات به ده‌سكردی وڵاتانی بیانی بناسێ و ڕه‌زاخان و خومه‌ینی به قاره‌مانانی میللی!
ئێسته كه‌سێك وه‌كوو زاهیدیی كوڕی كووده‌تاچیی ساڵه‌كانی ١٣٣٢، قاسم سوله‌یمانیی تیرۆریستی پێ قاره‌مانه!
لای مێژووی چه‌واشه‌كراو، ده‌سه‌ڵاتی مادده‌كان، ده‌سه‌ڵاتێكی بێزراو نیشان ده‌درێ و ده‌سه‌ڵاتی هه‌خامه‌نشی به ده‌سه‌ڵاتێكی جێگای شانازی. هه‌ر له‌م ڕاستایه‌دایه كه ده‌سه‌ڵاتی سه‌فه‌وی ده‌كرێ به شانازیی ئێران و ده‌سه‌ڵاتی زه‌ندییه‌كان به شپرز و جێی شه‌رمه‌زاری!
ئه‌وه‌ی به‌لای خاوه‌نانی ئه‌م فیكره‌وه گرنگه، مێژووی ده‌سكرد به‌رهه‌م ده‌هێنرێ تاكوو مرۆڤه‌كانی ئێستای پێ ده‌سته‌مۆ بكرێ.
ئێسته نه‌ك ئۆپۆزیسیۆن و هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ڵكوو، خودی كۆماری ئیسلامی و سه‌رانی ئه‌و ڕێژیمه ده‌زانن كه له داهاتوویه‌كی نه دووردا، ده‌بێ مل بۆ گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره كه‌چ كه‌ن و كۆماری ئیسلامیش ده‌چێته نێو مووزه‌ی تاوانه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه. به‌ڵام هێشتا ڕه‌گی كۆلۆنیالیستی له بیركردنه‌وه و ڕوانینیاندا ئه‌وه‌نده به‌هێزه كه دووباره مێژووی ده‌سكرد و بیانووی نالۆژیكی له بیروڕای گشتی بڵاو ده‌كرێته‌وه تاكوو وا نیشان بدرێ كه ئێران گه‌ر له دۆخی سه‌فه‌وی و هه‌خامه‌نشی بترازێ، ئیدی كاره‌سات ڕوو ده‌دا و ده‌بێ به قیامه‌ت!
له‌م شێوه شیكاری و لێكدانه‌وه‌دا، مرۆڤ وه‌كوو بناخه‌ی بیركردنه‌وه داناندرێ و ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی مرۆڤ و ماف و ئازدییه‌كانی نییه، به‌ڵكوو بیرۆكه‌ی باستانگه‌رایی و به‌پیرۆزكردنی سنووره ده‌سكرده‌كان ده‌بێ به بناخه.
دژبه‌یه‌كی و پێكناكۆكییه‌كه لێره‌دایه كه ئه‌م بیركردنه‌وانه پێیان وایه سنووره‌كانی ئێران زۆر فراوانتر له ئێسته بووه و تاكوو لێواری مه‌دیته‌رانه ڕۆیشتووه، دوایه به ده‌ستی زلهێزه‌كان، ئێران بچووك كراوه‌ته‌وه؛ به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه سنووره‌كان به سه‌ریاندا سه‌پێندراوه، ئێسته هه‌مان سنووری ده‌سكردی زلهێزه‌كان به پیرۆز ده‌زانن و مرۆڤه‌كانی نێو ئه‌م جوغرافیایه‌ی پێ ده‌چه‌وسێننه‌وه!
مێژووی دسكرد و سنووری ده‌سكرد، له ئیدئۆلۆژیی كۆلۆنیالیستیدا كراوه به بناخه‌ی كردار و به‌ناوی پیرۆزیی باستانگه‌رایی و مێژوو و سنووره‌وه ده‌یانهه‌وێ جه‌هه‌نه‌می دیكه بۆ نه‌ته‌وه‌كانی ئێران دابمه‌زرێنن.
سته‌م و ماڵوێرانی له ئێران به‌رده‌وام ده‌بێ تاكوو ئه‌و كاته‌ی شۆڕشێك له فیكر و بۆچووندا بێته ئاراوه و له باتی پیرۆزكردنی مێژووی چه‌واشه، بناخه له سه‌ر ماف و ئازادییه‌كانی مرۆڤ و یه‌كسانیی نه‌ته‌وه‌كان هه‌ڵچنرێ.