کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێژوو نابێ ون بێ

19:18 - 1 پووشپەڕ 2722

سالار کەماڵی

بابەتێک کە ئەم ڕۆژانە ئێلیتی فارس زۆر شێلگیرانە لە سەری دەڕۆن و پێیان وایە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، ئەوەیە کە بۆ بنیاتنانی ساختاری دواڕوژی پاش کۆماری ئیسلامی نابێت بەنیسبەت پرسی باقی نەتەوەکانی ئێران بۆ مێژوو بگەڕێینەوە.

نەگەڕانەوە بۆ مێژوو لە ڕوانگەی ئێلیتی فارسەوە خالێکی بەهێزە بۆ بنیاتنانی ئێرانی داهاتوو، ئەوەی کە هۆکاری شێلگیربوونی ئێلیتی فارس لە سەر ئەم نەگەڕانەوە چییە؟ ڕێشەکەی لە خودی مێژوودایە کە دەبێ ئێلیتی کورد و باقی نەتەوەکانی زۆلم لێ کراوی نێو ئەم جۆغرافیایە زۆر بە وردی سرنجی بدەن.

بۆ ئێلیتی نەتەوەی فارس لە دوای کۆماری ئیسلامی بنیاتنانی ئێران بە یەکپارچەیی خاکەوە خاڵێکی هەرە گرینگە و هێڵێکی سوور، کە بەردەوام نەتەوەکانی نێو ئەم جۆغرافیایە بەمە تۆمەتبار دەکەن کە دەیانهەوێت یەکپارچەیی خاکی ئێران بشێوێنن و جیابوونەوەی هەر نەتەوەیەک لە ئێران بە گوناحێکی کەبیرە دەزانن و ئەو نەتەوانەی کە ئەم داواکارییەیان هەبێت لە ڕوانگەی ئەوانەوە مەترسییەکی ئەمنیەتین و دەبێ لە ناو ببردرێن.

جیا لەمە کاتێک دەبینن نەتەوەکانی نێو ئێران مەبەستی جیابوونەوەیان نییە شتهایەکی دیکە دەبێتە ئەولەوییەت بۆیان، کە گرینگترینیان زاڵبوونی نەتەوەی فارس بە سەر ئەم جۆغرافیایەیە کە مێژووسازییەکی زۆر پان و بەرینیان بۆ کردووە و بۆ بنیاتنانی ئێرانی داهاتوو بەردەوام دەگەڕێنەوە بۆ ئەم مێژوویە، بەڵام کاتێک نەتەوە زۆڵم‌لێکراوەکانی نێو ئێران لە سەرەوەی هەموویان نەتەوەی کورد بۆ داهاتووی ئێران ئاماژە بە مێژوو دەکات نەگەڕانەوە بۆ مێژوو بەتایبەت مێژووی هاوچەرخ یەکەم قسەیانە.

بە باوەڕی من هۆکاری ئەم شێلگیربوونە لەمەڕ نەگەڕانەوە بۆ مێژوو لەلایەن نەتەوەی فارسەوە ڕیشەی لە دیکتاتۆریەتی بەردەوامی ئەم نەتەوە لە مێژوودایە؛ هەرنەتەوەیەک کە لە مێژووی خۆی ئاگادار نەبێت و نەزانێت کە لە مێژوودا چی بە سەر هاتووە و چیی کردووە و ئەزموونی لێ وەرنەگرتبێت بێگومان ناتوانێت داهاتوویەکی باش بونیات بنێت و کۆمەڵگایەکی بەختەوەری هەبێت .

لە سەردەمی دەوڵەتی مۆدێڕنەوە هەتاکوو ئێستا بە چاوخشاندنێک لە مێژووی ئێران دەبینین تەواوی لاپەڕەکانی مێژوو پڕلە زۆڵم و زۆرداری و کوشتوبڕی نەتەوەکانی ناو ئێران بەتایبەت نەتەوەی کورد بە دەستی فارسەکان بووە، لە هاتنەسەرکاری ڕەزاخانی میر پەنج هەتاکوو ئێستا ڕوانینێکی تەواو شۆڤێنیستانەیان بەنیسبەت نەتەوەکانی دیکەوە هەبووە و هەمیشە خۆیان بە نەتەوەی سەردەست و لە ئاسمانەوە نازڵ‌بوو دیوە و حکوومەت و تەواوی شالوودە و جومگەکانی حکوومەت بە دەستی خۆیان بونیات نراوە و ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی کە نەتەوەکانی تر هیچ بەشێکیان لە بەڕێوەبردنی حکوومەتدا نەبووە.

نەگەڕانەوە بۆ مێژوو بۆ نەتەوەی فارس وەکوو ئەوەیە کە باقی نەتەوەکانی ئێران نابێ ئەوەی کە لە دوو حکوومەتی پاشایەتیی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی بە سەریان هاتووە لە بەرچاو بگرن و ڕێگە بە ئێلیتی فارس بدەن کە بە دڵی خۆیان سیستمی دوای کۆماری ئیسلامی دیاری بکەن و باقی نەتەوەکانی ئێران یان بە قەوڵی تەنیا بەجێ‌ماوی بنەماڵەی پەهلەوی، عەشیرە یان تاییفەکان لە جێ خۆیان دانیشن چونکە لە ڕوانگەی ئەوانەوە دەستێوەردان لە کاروباری نەتەوەکانی ناو ئێران ئەڵلێکی نەگۆڕە.

لە بەرچاونەگرتنی مێژوو بۆ نەتەوەکانی نێو ئێران یانی خۆکوژییەکی سیاسی و خۆ بە دەستەوەدانێکی بێ ئەملاوئەولا و کارتێکی بەهێزە بۆ ئێلیتی فارس بۆ بەردەوام‌بوونی دیکتاتۆریەکەیان،نۆخبەی فارس چ بە لایەنگر و ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئێسلامی و تەنانەت لە سەردەمی پاشایەتیی پەهلەوی هەمیشە وەکوو کێشەیەک سەیری باقی نەتەوەکانی دیکەیان کردووە نە وەکوو پرسێک، جا ئەم کێشەیە لە بواری سیاسی، ئابووری،کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی یان نیزامی بێت و هەمیشە پێیان وا بووە کە ئەگەر شتێک هەیە ئەوان دەبێ بە باقی نەتەوەکانی بدەن، وەکوو دیاریکردنی مافی چارەنووس یا خۆبەڕێوەبەری؛ جا چ خودموختاری بێ یان فێدراڵیزم فەرق ناکات و ئەوان دەبێ دیاری بکەن کە چی چۆن بێت، هەر بەم هۆیە هەر شتێک کە لە بەرژەوەندیاندا نەبێت  بە هەموو شێوەیەک پێشی پێ دەگرن، جا لە بەرچاونەگرتنی مێژوو لە لایەن نەتەوەکانی نێو ئەم جۆغرافیایە ڕێك یانی ئەوەی کە ئەوان دەیانهەوێت .

بەڵام ئەگەرخوێندنەوەیەکی دروست و بەجێمان لە مێژوو هەبێت و بە باشی لە سەری بڕوین نە تەنیا ئەم کارەساتە ڕوو نادات بەڵکوو ئەگەر قەرار بێت سیستمێکی سیاسیی باش و گونجاو لە دوای کۆماری ئێسلامی بۆ تەواوی نەتەوەکان بێت دەبێ هەموو نەتەوەکان وەکوو یەک لە داڕشتنی تا بەڕێوەبردنی تێیدا بەشدار بن و ئیتر هیچ نەتەوەیەک داوای مافی خۆی لە نەتەوەیەکی دیکە نەکات و ناوەند (فارس)لە سەر تەواوی مەسایلی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی،فەرهەنگی و نیزامیی ئێران بڕیار نەدات بەڵکوو ناوەند تا ئەوەندەی کە دەسەڵاتی پێ دەدرێ هەموو نەتەوەکان پێکەوە بڕیار بدەن،نە وەکوو پێشنویسی یاسای مەشرووتە نە وەکوو قسەکانی تەنیا بەجێماوی بنەماڵەی پەهلەوی نە وەکوو ئێلیتی فارس لە دوونیای مەجازی یان میدیاکاندا باسی لێوە دەکەن بەڵکوو هەموو نەتەوەکان پێکەوە بڕیار لە سەر داهاتوو بدەن.