کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێژوو و شارستانییەتی کوردستان لە زانکۆی "مۆنیخ" وەک وتاری زانستی دەوترێتەوە

18:21 - 21 پووشپەڕ 2720

بەردەنووسی (کەتیبە) سەردەمی ئاشوورییەکان کە ساڵی  ١٣٩٤ی هەتاوی لە "قەڵای ئیمامـ"ـی مەریوان دۆزرابووەوە، لەلایەن میژوونووسان و دێرینناسەکانی ئێرانی و ئاڵمانییەوە وەرگێڕدراوەتەوە و وەک لێکۆڵینەوە و وتارێکی زانستی لە گۆڤاری زانکۆی "مۆنیخ" چاپ کرا.

ئەم بەردەنووسراوە لەلایەن لێکۆڵەرانەوە وەرگێڕدراوەتەوە و لەگەڵ دەقی بەردەنووسراوە ئاشوورییەکانی دیکەدا بەراورد کراوە و دەرکەوتووە کە یەکێک لە یادمانەکانی "سارگۆنی دووەم"، پادشای ئاشوورییە لە کاتی گرتنی شارێک بە ناوی "هارهار" یان "خارخار" لە ناوچەی مەریوان.

شایانی باسە کە تا ئێستا لێکۆڵەران بە ڕوونی بۆیان دەرنەکەوتووە کە "هارهار" یان "خارخار" لە کوێیە، بەڵام بە وتەی ئەو دێرینناسانە وێدەچێت کە لە زاگرۆسی ڕۆژئاوادا هەڵکەوتبێت.

هەندێک لە سەرچاوەکان باس لە بوونی هارهار (خارخار) دەکەن کە شارێک بووە لە باشووری زرێبار و ناوەکەی گۆڕدراوە بۆ "دورئاشوور" یان "کارشاروکین" و هەروەها ئەفسانەی زرێبار کە باس لەوە دەکات زرێبار شاری فەیلەقووس بووە و لەبەر زوڵم و زۆری دەسەڵاتدارەکانی ئەو کاتەوە بە دۆعای دەروێش کەوتووەتە ژێر ئاوەوە.

ئەو دوو بەڵگە ئەوە دەسەلمێنێت کە "مەریوان" شارێکی مێژوویی، دێرین و شارستانییەتی نەتەوەی کوردە و ناوەندی یەکێک لە "ساتراپەکانی ماد" بووە.

ئەو بەردەنووسە بە "خەتی بزماری" نووسراوە و بەهاری ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی لەلایەن تیمێکی دێرینەناسی زانکۆی تاران بە سەرپەرستیی دوکتور "کەریمیان"  و دوکتور "محەممەد مەعسوومیان"  لە کاتی گەڕان و پشکنینی شوێنەواری "مزگەوتە سوورە" و کێوی "قەڵای ئیمام" دۆزرایەوە.

ئەم بەردەنووسە کە قەبارەی وەک خشتێکی لارولوێرە، ١٢ کیلۆ و ٨ گرەم کێشی هەیە و قیاسی دیاریکراوی، ٣٠ سانتیمیتر بەرزی و ١٢ سانتیمیتر ئەستوورییە.