کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێکانیزمە سەیروسەمەرەکان!

11:23 - 30 جۆزەردان 2722

ئاسۆ مێنبەری

ڕۆژی ڕابردوو، هەواڵدەریی "ئیسنا"ی ڕێژیمی ئێران هەواڵێکی بڵاو کردەوە کە کۆمەڵێک کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.

بەپێی ئەم هەواڵە، "ئەمیرحوسێن بانکی‌پوور" بەناو نوێنەری "ئیسفەهان" لە مەجلیسی ڕێژیم وتوویەتی: "بەهۆی کەمبوونی کوڕ لە ئێران، کچانی سەڵتی سەرووی ٣٠ ساڵ دەتوانن لەگەڵ شیعەکانی دراوسێمان کە لایەنگری ئێمەن و حەزیان لە ئێرانە هاوسەرگیری بکەن".

ناوبراو کە جیا لە نوێنەرایەتیی ڕێژیم لە مەجلیس، بەرپرسی کۆمیسیۆنی هاوبەشی گەڵاڵەی جەوانی حەشیمەتە، وتوویەتی ئێران لەگەڵ گەورەقەیرانی پیریی حەشیمەت بەرەوڕوویە کە لایەنگەلی کۆمەڵایەتی، تەربیەتی، ئەمنیەتی، سیاسی و ئابووری لەخۆ دەگرێت و ئەمە بۆ داهاتوو مەترسیدارە.

هەر بۆیە بە ئاماژەکردن بە ئامارێکی یەک میلیۆن و ١٠٠ هەزار کەسی لەو کچانەی کە تەمەنیان لە ٣٠ بۆ ٥٠ ساڵە و تاکوو ئێستا هاوسەرگیرییان نەکردووە وتوویەتی، بە مەرجی ئەوەی کە زۆر تێک نەشکابێتن و گەشاوە بن، دەتوانن هاوسەرگیری لەگەڵ کەسانێک بکەن کە یا تەمەنیان لە خۆیان کەمترە یان ئەوەی کە موسوڵمان و شیعەن و حەزیان لە ئێرانە!

دیارە بەپێی چییەتیی دژەژنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەمە زۆر جێگای سەرسووڕمان نییە کە بەرپرسێکی ڕێژیم لێدوانێکی لەم چەشنە بدات و هەستی نیوەزیاتری حەشیمەت لەو کۆمەڵگایە بریندار بکات چونکە هۆکاری سەرەکیی هاوسەرگیری نەکردنی ئەم کەسانە رێک بۆ خودی سیاسەتەکانی ڕێژیم دەگەڕێتەوە.

 بە شپرزەبوونی دۆخی ئابووری، زۆربەی لاوەکان لە ئێراندا ئەگەر حەزیشیان لێ بێ، ناتوانن بچنە نێو پڕۆسەی هاوسەرگیرییەوە چونکە توانای دابینکردنی بژێوی ژیانیشیان نییە، کەوابوو بەرزبوونەوەی تەمەنی هاوسەرگیری بەشێکی زۆری بۆ خودی کار و کردەوە نادرووستەکانی ڕێژیم دەگەڕێتەوە؛ لەلایەکی تریشەوە زۆر کەس هەن کە هاوسەرگیری تەنیا بە بژاردەیەک لە ژیانی تاکەکەسیی خۆیاندا دەبینن و لەڕاستیدا باسکردن لەم بابەتە لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە دەستێوەردانە لە ئازادیی تاکەکەسیی مرۆڤەکاندا.

بەڵام ئەوەی کە بۆچی بەرپرسانی ڕێژیم دەستیان ناوەتە سەر ئەم خاڵە و بۆچی دەیانهەوێ هاوسەرگیریی کچانی ئێرانی لەگەڵ دراوسێکان و کوڕانی وڵاتانی شیعە پەرە پێ بدەن، بابەتێکی گرینگ و جێگای تێڕامانە!

پاش ئەوەیکە رێژیم لە ترسی کەمبوونەوەی حەشیمەت کە وەک ئاماژەی پێ کرا لە درێژەی سیاسەتە هەڵەکانی خۆیدا هاتە ئاراوە، بیری لە هێنانەئارای گەڵاڵەی جەوانیی حەشیمەت کردەوە تاکوو لەم ڕێگەیەوە پەرە بە حەشیمەت بدات؛ لەڕاستیدا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کۆمەڵێک لاوی ئێرانی لە درێژەی سیاسەتی دەستێوەردانەکانی ڕێژیم لە وڵاتانی دیکەدا و لە ژێر ناوی مودافعینی حەرەم، بوونە قوربانی و هەر ئەمەش بووە جێگای نیگەرانی بۆ ڕێژیم کە لە ئەگەری نزمبوونەوەی ڕێژەی حەشیمەت و کەمبوونەوەی حەزی خەڵک بۆ گەورەکردنەوەی خێزانەکەیان، چیدیکە هێزێکی مرۆیی لە بەر دەستی ڕێژیمدا نامێنێ کە بتوانێ لە ڕێگەی ئەوانەوە پەرە بە سیاسەتە گڵاوەکانی لە ناوچەکەدا بدات! هەر بۆیە بە هێنانەئارای گەڵاڵەی جەوانیی حەشیمەت و هاوکاتیش سنووردارکردنەوەی دەسپێڕاگەیشتنی خەڵك بە کەرەستەکانی پێویست بۆ پێشگرتن لە منداڵبوون، کە لەڕاستیدا دەستێوەردانی ئاشکرا و نایاسایی و بە دوور لە ئەخلاق لە چوارچێوەی ژیانی تاکەکەسی مرۆڤەکانە، هەوڵی دا تاکوو ڕێژەی حەشیمەت بخاتە سەر ڕەوتی بەرزبوونەوە.

هەر لە ماوەکانی ڕابردوودا بوو بینیمان کە بەهۆی ئەم سیاسەتە هەڵەوە، لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا نزیکەی ٥ هەزار کۆرپەلە لە سەرتاسەری ئێراندا فڕێ دران! ئەمە جیا لەوەیە کە بە وتەی خودی بەرپرسانی ڕێژیم ڕۆژانە لە نێوان ٢٠٠٠ هەتا ٢٥٠٠ ئاوڵەمەش لە ئێراندا لە ناو دەبردرێن! تەنیا بەو هۆکارەی کە کەرەستەکانی پێشگرتن لە منداڵبوونیان لە بەر دەستدا نییە و توانایی بەخێوکردنی منداڵیان بەهۆی دۆخی نالەباری ئابوورییەوە نییە؛ کارەساتێکی مرۆیی کە هیچکەس لە بەرانبەریدا بەرپرسیار نییە!

بەڵام جیا لەم لایەنە، لایەنی دیکەی باسەکە کە گرینگە، ئەو بەشە لە قسەکانی ئەم بەناو نوێنەرەی مەجلیسە کە دەڵێ کچان دەتوانن هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕانی موسوڵمانی شێعەی وڵاتانی دیکە بکەن کە حەزیان لە ئێرانە!

لەڕاستیدا ئەمە دەچێتە چوارچێوەی هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ تەشەنەکردن و پەلهاویشتن بۆ نێو وڵاتانی دیکەوە؛ لە لایەکەوە بەم جۆرە لە هاوسەرگیری، ڕێژەی حەشیمەتیش تا ڕادەیەکی ئەگەر زۆریش نەبێ هەر بەرز دەبێتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە پەرەسەندنی پێوەندیی کۆمەڵایەتیی ڕێژیم لەگەڵ وڵاتانی دیکە دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی کە پێوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانیش بکەونە ژێر کاریگەریی ئەم پێوەندییەوە! هەر بۆیە جیا لە بەرەوپێشبردنی سیاسەتەکانی دیکە، سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشیش کە بەشێکی دانەبڕاو لە چییەتیی ڕێژیمە بەرەوپێشچوون بە خۆیەوە دەبینێت و بە وتەی خۆیان ئێرانی فەرهەنگی دەبێتە مەکۆیەک بۆ خۆبینینەوەی وڵاتانی دیکە و لەڕاستیدا سەرکەوتنی پرۆژەی بەکۆیلەکردنی وڵاتانی دیکە و پەرەدان بە سیاسەتی دەستێوەردان لەلایەن ڕێژیمەوە!

ئەمە کەتوارێکی گرینگە، ڕێژیم کە دەزانێ ڕێژەی ناڕەزایەتییەکان لە بەرزبوونەوەدایە و کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە خەریکە ئەستەم دەبێتەوە، بیری لەوە کردووەتەوە کە بە هێنانە ئارای مێکانیزمی سەیروسەمەرە بەشێک لە هێزی مرۆیی خۆی بۆ سەرکوتی خەڵک لە وڵاتانی شیعەی دەوروبەری کۆ بکاتەوە، بێئاگا لەوەیکە خرۆشانی هێزی چەند میلیۆنی لە سەرتاسەری ئێراندا دەتوانێ وەکوو لافاوێکی بەلرفە داگیرکەران ڕاماڵێ و بۆ هەمیشە بە مێژوویان بسپێرێ!