کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەجلیسی "سێنا"ی ئامریکا ڕێککەوتنی بەرجام مەرجدار دەکات

12:10 - 11 جۆزەردان 2722

بەشێک لە ئەندامانی کۆماریخوازی مەجلیسی سێنای ئامریکا بە مەبەستی بەرتەسککردنەوەی پەیوەندیی ماڵی و ئەمنییەتیی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ وڵاتی چین و کۆتاییپێهێنانی پشتیوانیی تاران لە تێرۆریزم، لە گەڵاڵەیەکی پێشنیارکراودا ڕێککەوتنی بەرجام مەرجدار دەکات.

بەپێی ئەو گەڵاڵەیە هەر جۆرە ڕێککەوتنێکی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، دەبێ بە کۆی دەنگی دوو لەسەر سێیی ئەندامانی مەجلیس پەسەند بکرێت.

هەروەها ڕێژیمی ئێران دەبێ تەواوی ئەو ڕێککەوتنانەی کە لەگەڵ وڵاتی چین واژۆی کردووە و لەو ڕێگایەوە پارەی بۆ ڕێککەوتنی بەرجام لەو وڵاتە وەردەگرت هەڵوەشێنێتەوە و پەیوەندیی ستراتژیک، ئەمنییەتی و نیزامیی خۆی لەگەڵ پێکەن کۆتایی پێ بێنێت.

بەپێی ناوەڕۆکی ئەو گەڵاڵەیە وڵاتی ئامریکاش لە دۆخێکدا دەتوانێت بۆ بەرجام تێچوو تەرخان بکات کە ڕێژیمی ئێران کۆتایی بە پەیوەندی و پشتیوانیی ماڵی لە گرووپە نیابەتییەکانی بهێنێت و تەواوی چەکی ناوکی، مووشەکی، سایبێری و کیمایی خۆی لەنێو ببات، هەروەها ژێرخانەکانی بەرهەمهێنانیشیان تاقی بکرێنەوە.