کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەجلیسی سێنای ئامریکا کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکانی بە فەرمی ناسی

11:59 - 22 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: مەجلیسی سێنای ئامریکا لە بڕیارنامەیەکدا کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکانی لە سەرەتای سەدەی بیستەم و لە سەردەمی دەسەڵاتداریی عوسمانییەکانی بە فەرمی ناسی.

مەجلیسی سێنای ئامریکا ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی سەرماوەز، لە بڕیارنامەیەکدا کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکانی لەلایەن عوسمانییەکانەوە بە فەرمی ناسی و بە ڕوونی باس لە کوشتاری یەک ملیۆن و ٥٠٠  هەزار ئەرمەنی بەدەستی ئیمپراتوری عوسمانی وەکوو ژینوساید کرا.

پێشتریش ئەندامانی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا لە بڕیارنامەیەکی وێکچوودا کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکانی لەلایەن ئیمپراتوری عوسمانییەوە پشتڕاست کردبووەوە.

لە ڕێکەوەتی ٧ی خەزەڵوەری ئەمساڵدا، ٤٠٥ یاسادانەری ئامریکایی لە مەجلیسی نوێنەران، بە دەنگی ئەرێنی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکانییەکانیان پشتڕاست کردبووەوە.

''نیکول پاشینیان''، سەرۆکوەزیرانی ئەرمەنستان، ئەم پەسەندکراوەی مەجلیسی سێنای ئامریکای وەکوو سەرکەوتنی عەداڵەت و ڕاستییەکان ناو بردووە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ''مەولوود چاوش ئوغلوو''، وەزیری دەرەوەی تورکیە، ئەم پەسەندکراوەی ئامریکای بە شانۆی سیاسی ناو بردووە و ''ئیبراهیم کالین''، وتەبێژی سەرکۆماریی تورکیە، ئەم بڕیارەی ئامریکای مەحکووم کرد.

کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان بە ڕووداوی مێژوویی کوشتنی خەڵکی ئەرمەنی لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی دەوترێت کە لە نێوان ساڵانی ١٩١٥ و ١٩١٧ی زایینی، بە مەبەستی لەنێوبردن و سڕینەوەی ئەرمەنییەکان ڕووی دا. بەپێی بەراوردەکان، نزیک یەک تا یەک و نیو ملیۆن کەس لە خەڵکی ئەرمەنی بەدەستی سپای عوسمانی کوژران.