کوردستان میدیا: ئەندامێکی کۆمیسۆنی مەجلیسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وتوویەتی، ئەگەر چەک بکەوێتە دەستی یەقە سپییەکان، وەکوو داعش هەڵسوکەوت دەکەن.
"حیشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە"، ئەندامی کۆمیسۆنی ئەمنییەتی ڕێژیمی ئێران، لەبارەی تەکفیرییە یەقە سپییەکان وتوویەتی، ئەگەر ئەو یەقە سپییانە چەک بە دەستەوە بگرن، وەکوو داعش هەڵسوکەوت دەکەن.
ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، ئێمە لەگەڵ کۆمەڵێک تەکفیریی یەقە سپی بەرەوڕووین کە وەکوو داعشن.
ناوبراو وتوویەتی، تەکفیرییە یەقە سپییەکان کەسانێکن کە لەو کەرەستەیەی کە لەبەر دەستیاندایە بە ئامانجی دوو جەمسەریی کۆمەڵگە هەنگاو هەڵدێننەوە و دژی خامنەیی هەر کارێک دەکەن.
"فەلاحەت پیشە"، ئەو کەسانەی کە دژبەری خامنەیین، بە تەکفیری لەقەڵەم داون.
ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران بۆ پشتیوانی لە خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، دژبەران بە کەسانێکی توندڕۆ ناو دەبات، هەتاکوو خەڵک سەرکوت بکەن.