کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەجلیسی ڕێژیم دەنگی بە گەڵاڵەی سنوورداریەتیی پشکنین و پەرەپێدانی ڕێژەی پیتاندنی ئورانیۆم دا

17:54 - 11 سەرماوەز 2720

مەجلیسی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی سێشەممە ١١ی سەرماوەز، دەنگی بە هەموو بابەتە گشتییەکانی گەڵاڵەی ''هەوڵی ستراتیژیک بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی ئێران دا کە لە ئەگەری پەسەندکردنی کۆتایی، پشکنینی دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران سنوردار دەبێت".

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران ئێران، ٢٥١ نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم دەنگی ئەرێنییان بەو گەڵاڵەیە داوە.

نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم دوای دەنگدان بەو گەڵاڵەیە، دروشمی وەک: ''اللـەاکبر، نەمان بۆ ئیسرائیل و نەمان بۆ ئامریکا''یان داوە.

ئەگەر ئەم گەڵاڵەیە بە پەسەندکردنی کۆتایی بگات و شورای نیگابان پشتڕاستی بکاتەوە، ڕێژیم بەپێی مادەی شەشی ئەو گەڵاڵەیە لە ئەگەری بەڕێوەنەبردنی بەڵێنییەکان لەلایەن وڵاتانی ١+٥ لە بەرامبەر ئێران و ئاسایینەبوونەوەی پێوەندییە بانکییەکان و لانەبردنی بەربەستەکان بۆ فرۆشتنی نەوت، دوو مانگ دوای لهپەسەندکردنی ئەم یاسایە، بەڕێوەبردنی پرۆتۆکۆکی لکێندراو ڕادەگرێت.

بەپێی پرۆتۆکۆلی لکێندراو بە گرێبەستی پێشگرتن لە پەرپێدان بە چەکی ناوکیی ناسراو بە ''NPT'' کە ئێران لە ڕێکەوتنی ئەتۆمیی لۆزان قەبووڵی کردووە، لێکۆڵەرانی ئاژانس دەتوانن هەرکات بە پێویستی بزانن بە بێ ئاگاداریی پێشوو دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران بپشکنن.

گەڵاڵەی هەوڵی ستراتیژیک بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان کە ٩ مادەی هەیە، ڕێژیم ئەرکدار دەکات کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان، پیتاندنی ٢٠ لەسەدی بخاتە بواری جێبەجێکردن و ڕێکخراوی وزەی ناوکیش کەڵکوەرگرتن لە سانتریفیوژی نەوەی ٦ و ٨ بخاتە گەڕ.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ''ڕافائێل گرۆسی'' سەرۆکی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی سەرماوەز، لە کاردانەوە بە داواکاریی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران بۆ ڕاگرتنی چاوەدێرییە نێونەتەوەییەکان بەسەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران وتبووی؛ بەرنامەی ناوکیی ئێران پێویستە چاوەدێریی بەسەردا بکرێت و ئێران بە پچڕاندنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانس هیچ قازانجێک ناکات.