کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەجلیسی ڕێژیم کاری هیچ و پووچ دەکات

10:16 - 3 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ژمارەیەک لە ئەندامانی مەجلیسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دانیان بەوە داناوە که وڵاتی ئێران تووشی کێشەی ئابووری بووە و مەجلیسیش سەرقاڵی کاری هیچ و پووچه.

کێشەی ئابووری، گەندەڵیی ئابووری و ئەو گەمارۆ ئابوورییانەی کە دژی ڕێژیم پەسند کراون کێشەگەلی قورسی بۆ چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران دروست کردووە و بەرپرسانی ڕێژیمیش باس لەوە دەکەن، گەمارۆ ئابوورییەکان دەرفەتی ئابووری و کاری بۆ ڕەخساندووین.

هەندێک لە ئەندامانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران جەختیان کردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەیکە دەوڵەت هیچ بەرنامەیەکی بۆ داهاتوو نییە مەجلیسیش سەرقاڵی کاری بێبنەما وهیچ و پووچە.
"محەممەد حەسەن‌نژاد" ئەندامی کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیس باسی لەوە کردووە، "بەداخەوە دەوڵەت خۆی بێ خەیاڵی بارودۆخی ئابووری کردووە و هیچ گومانیشی تێدا نییە کە دەوڵەت هیچ بەرنامەیەکی بۆ دۆخی ئابووری نییە. کاتێک ئێمە سەرقاڵی کاری لاوەکین دۆخی وڵاتیش بەم شێوەیەی لێ دێت".

"ئەحمەد ئەنارەکی" ئەندامێکی دیکەی مەجلیسی ڕێژیمە کە وتوویەتی: "ئێمە هیچ ئامادەییەکمان بۆ گەمارۆ ئابوورییەکان نەبووە و زەرەر و زیانێکی زۆرمان لە گەمارۆکان پێگەیشتووە".
ئەو ئەندامەی مەجلیس لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، ئێمە هیچ تەدبیرێکمان بۆ گەمارۆ ئابوورییەکان نەبووە و تەنانەت تەلەفیزیۆنی فەرمی خۆشمان نەیتوانی لە باری دەروونییەوە هیچ کارێک بکات و تەنیا دروشممان داوە.

هاوکات ئەندامێکی کۆمیسیۆنی وزەی مەجلیس باسی لە گەندەڵیی ئابووری لە وڵاتدا کردووە و ڕایگەیاندووە: نەبوونی شەفافیەت خۆی وای کردووە کە گەندەڵی هەموو کەلێن و قوژبنێکی ئیدارەکانی دەوڵەت بگرێتەوە.

ئەگەرچی لە لایەک گەورە بەرپرسانی ڕێژیم، لەوانەش حەسەن ڕوحانی، باسی ئەوە دەکەن کە گەمارۆ ئابوورییەکان دەرفەتی کاری بۆ ئێمە خوڵقاندووە و بووەتە هۆی پێشکەوتنی وڵات، بەڵام بەرپرسانی دیکەی ڕێژیم، دان بەوەدا دەنێن کە ئێمە تووشی داڕمانی ئابووری بووینەتەوە و تەنیا دروشم دەدەین.