کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەجلیسی ڕێژیمی ئێران ڕەشنووسی لابردنی سیفری لە دراوی ئێران پەسند کرد

12:24 - 15 بانەمەڕ 2720

نوێنەرانی ڕێژیمی ئێران لە مەجلیس لە دانیشتنێکی فەرمیدا، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بانەمەڕ، ڕەشنووسی چاکسازیی یاسای دراو و بانکیی ئێرانیان بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرد.

بەپێی ئەو ڕەشنووسه، یەکەی دراوی ئێران لە ڕیاڵەوە دەگۆڕدرێت بۆ تمەن و چوار سیفر لە دراوی ئەو وڵاتە دەسڕدرێنەوە.

پەسەندکردنی ڕەشنووسی سڕینەوەی چوار سیفر و چاکسازیی یاسای دراو، تا دەگاتە بواری جێبەجێ کردنەوە، ٥ ساڵ دەخایەنێت.

بەپێی قسەی شارەزایانی بواری ئابووری، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ خۆدەربازکردن لە کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان و داڕمانی یەکجاریی ئابووریی خۆی، ئەو ڕەشنووسەی پەسەند کردووە.

مانگی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە دانیشتنێکی فەرمی بە سەرۆکایەتیی "حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ڕێژیم، بڕیاری لابردنی ڕیاڵیان لە دراوی ئێران و جێگیرکردنی تمەن وەک دراوی فەرمی دا، کە هەنووکەش بە کردەوەیی نەکراوە.

بەپێی ئەو گەڵاڵەیە ڕێژیم یەکەی پارەی تمەنی فەرمی کرد و بەرانبەر بە ١٠ ڕیاڵ ڕاگەیەندرا.

بەرپرسانی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە کە بۆ بەرزكردنەوەی بەهای پارەی وڵاتەكەیان، پارەی فەرمیی ئەو وڵاتەیان لە ڕیاڵەوە کردووە بە تمەن.

کێشەی ئابووری و داڕمانی ئابووریی ڕێژیم بەهۆی گەمارۆوە ئابوورییەکانەوە، سیستمی ئابووریی ئەو وڵاتەی تووشی شەلەل کردووە.