کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەجلیسی ڕێژیمی ئێران گەڵاڵەی زیادکردنی ١٠ لەسەدی حەقدەستی مانگانەی کرێکارانی هەڵوەشاندەوە

12:20 - 30 جۆزەردان 2722

مەجلیسی ڕێژیم لە بڕیارێکدا بەرزکردنەوەی مووچەی مانگانەی کرێکارانی هەڵوەشاندەوە و تەنیا ڕەوایی بە بەرزکردنەوەی حەقدەستی ئەو کرێکارانە داوە کە بە شێوەی گرێبەست کار دەکەن.

"کیوومەرس سەرمەدیی والە" بەڕێوەبەری کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیسی ڕێژیم وتوویەتی، بەپێی پەسندکراوی مەجلیسی ڕێژیم بەرزکردنەوەی ١٠ لەسەدیی مووچەی مانگانەی کرێکارانی حکوومەتی هەڵوەشاوەتەوە و حەقدەستی کرێکارانی گرێبەستی بەپێی یاسای وەزارەتی کار دیاری دەکرێت.

بەرزکردنەوەی ١٠ لەسەدیی مووچەی کرێکارانی حکوومەتی ناڕەزایەتیی وەزارەتەکانی تەعاون کار و خۆشبژیوی کۆمەڵایەتی، وەزارەتی وزە و نەوتی ڕێژیمی لێ کەوتبووە و مەجلیس لە ژێر گوشاری ئەو وەزارەتانەدا ئەو گەڵاڵەیەی هەڵوەشاندووەتەوە.

شورای باڵای کاری ڕێژیم لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا لانیکەمی حەقدەستی کرێکارانی خێزانداری ٥ ملیۆن و ٥٨٠ هەزار تمەن دیاری کردبوو بەڵام هەیئەتی وەزیرانی ڕێژیم کرێی شوێنی نیشتەجێبوونی لە ٦٥٠ هەزار تمەنەوە  بۆ ٥٥٠ هەزار تمەن کەم کردبووەوە بۆ ئەوەی مووچەی کرێکاران ١٠٠ هەزار تمەن بێتە خوارەوە.

لە ئێستادا حەقدەستی پەسەندکراو لە شورای باڵای کاری ڕێژیم بەرامبەر بە نیوەی داهاتی هێڵی هەژارییە.