کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەجلیسی ڕێژیمی ئێران گەڵاڵەی زیادکردنی مووچەی خانەنشینکراوانی ڕەت کردەوە

13:48 - 31 پووشپەڕ 2722

مەجلیسی ڕێژیمی ئێران گەڵاڵەی زیادکردنی مووچەی خانەنشینکراوانی کرێکاری و شوێنی نیشتەجێبوونی ئەوانی ڕەت کردەوە و زیادکردنی مووچەی خانەنشینکراوانی بە ناتەبا لەگەڵ یاسای تایبەت لەوە بارەوە زانی.

ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوان لە شارە جیاوازەکانی ئێران بەردەوامن و لەو حاڵەدا "محەممەدباقر قالیباف" سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە نامەیەکدا بۆ "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ڕێژیم گەڵاڵەی دەوڵەت بۆ زیادکردنی مووچەی خانەنشینکراوانی هەڵوەشاوە ڕاگەیاند.

ڕێژیم لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا بۆ هێورکردنەوەی ناڕەزایەتیی خانشینکراوان لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران، مووچەی بەشێک لە خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی ١٠ لەسەد زیاد کرد.

خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی کە ئەزموونی لەو شێوەیەیان لەگەڵ ڕێژیم هەیە بەتایبەت سەبارەت بە گەڵاڵەی "هەمیشەییکردنی هاوسانسازی" ئاکامی ئەو هەنگاوانەی ڕێژیمیان بە هەژاریی زیاتری خانەنشینکراوان لێک داوەتەوە و داوایان کردووە کە ئەو گەڵاڵەیە هەڵبوەشێتەوە.

 خانەنشینکراوان سەبارەت بەو گەڵاڵەیە و جێبەجێکردنی داواکانیان سەرلەنوێ دەستیان داوەتەوە ناڕەزایەتی و لە شارەکانی ئەحواز، شووشتەر، بێهبەهان و شووش ناڕيزایەتییان بەڕێوە بردووە.

مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ دەستەی وەزیرانی ڕێژیم مافی شوێنی نیشتەجێبوونی کرێکارانی کە لە شورای بەناو کاری ڕێژیم ٦٥٠ هەزار تمەن دیاری کرابوو، بۆ ٥٥٠ هەزار تمەن کەم کردەوە و ئەوە ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی لێکەوتەوە.