کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەجلیسی ڕێژیمی ئێران گەڵاڵەی ٣ فەورییەتیی "هەوڵی بەرانبەر"ی پێشکەش کردووە

12:26 - 17 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: مەجلیسی ڕێژیمی ئێران گەڵاڵەیەکی بۆ بەهێزکردنی هێزەکانی خۆی بە مەبەستی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئامریکا پێشکەش کرد.

ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی بەفرانبار، "عەلی ئەسغەر یووسف نژاد"، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم باسی لە پێشنیارکردنی گەڵاڵەیەکی ٣ فەورییەتی بە "ڕەزامەندیـ"ـی سێ فراکسیۆنی سیاسیی مەجلیس لەژێر ناوی "گەڵاڵەی ٣ فەورییەتیی هەوڵی بەرانبەر دژ بە ئامریکا" کرد.

"یووسف نژاد" وتوویەتی، لەو گەڵاڵەیەدا ئەرک بۆ دەوڵەت دیاری کراوە تا "هەوڵێکی گونجاو و پێویست"، لە بەرانبەر ئەو کەسانەیدا کە قاسم سلێمانییان کوشتووە ئەنجام بدات.

ناوبراو لە درێژەدا وتوویەتی، هیز و توانای مەجلیسی ئێران و پشتیوانیی ماڵی و یاسایی و حقووقی لەو هەوڵە پێشبینی کراوە تا دەوڵەت دەستی بۆ پشتیوانی لە هێزە نیزامییەکان و بەهێزکردنیان ئاوەڵا بێت.

"عەلی لاریجانی"، بەڕێوبەری مەجلیسی ڕێژیم وتوویەتی: "٢٠٠ ملیۆن یۆرۆ بودجە، لە سندووقی گەشەی میللی بۆ پشتیوانی لە هێزەکانی سپای قودس کە ئەرکی پاراستنی ئەمنییەتی ناوچەکەی بەئەستۆیە دیاری کراوە".

هەروەها ناوبراو وتوویەتی کە لەو گەڵاڵەیەدا، ئەندامانی پێنتاگۆن، شیرکەتە گرێدراوەکان، فەرماندەران و ئەو کەسانەی کە دەستیان لە کوژرانی قاسم سلێمانیدا هەبووە، وەک تێرۆریست ناسراون.

بەو پێیە ڕێژیمی ئێران ئاشکرا ڕایدەگەیەنێت کە پارەیەک کە دەبێ بۆ گەشە و ئاوەدانیی وڵات بەکار بهێنرێت بۆ پشتیوانیی تێرۆریزم بەکاری دێنێت.