کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرزی کێلێ لە سەر ڕێژیمی ئێران داخرا

11:40 - 6 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی درووستبوونی گرژی لە نێوان پۆلیسی پاسەوانیی سنووری هەرێمی کوردستان و پاسەوانانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، مەرزی کێلێ داخرا.

هەواڵدەرییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویان کردووەتەوە: "جەوهەر ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری گومرۆگی ڕاپەڕین ڕایگەیاندووه، لەکاتێکدا پاسەوانی سنووری هەرێمی کوردستان سەرقاڵی درووستکردنی شوێنێک بوون بۆ حەوانەوەی خۆیان لە لایەن پاسەوانانی سنوری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە (مرزبانان) ڕێگریان لێکراوە و لە ئەنجامی ئەمەشدا دەمەقاڵە درووست بووە".

ئەو بەرپرسەی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردووە: "بۆ ڕێگرتن لە ئەگەری ڕوودانی کارەساتی نەخوازراو مەرزەکەمان بە ڕووی هاتوچۆکەراندا داخست".

بەڕێوەبەری گومرۆگی ڕاپەڕین لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە سپاى پاسدارانى ئێران هەتا ئێستا چەند جارێک لە سنوورى مەرزى کێلێ بە بێ هیچ پاساوێک خاکى هەرێمی کوردستانیان بەزاندووە.

مەرزی کێلێ نزیکەی ٢٥ کیلۆمیتر لە ناوەندی شاری قەڵادزێوە دوورە و هاوسنوورە لەگەڵ شاری سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ ئەگەرچی تائێستا مەرزێکی نافەرمییە، بەڵام ڕۆژانە لەم سنوورەوە ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکرێت.

وڵاتی عێراق یەکێک لەو وڵاتە هەرێمییانەیە کە لە پاش ڕووخانی سەدام حسەین بووەتە مەیدانی تەڕاتێن و ڕمبازێنەکانی کۆماری ئیسلامی و کەسایەتییە سەربەخۆ سیاسییەکانی باشووری کوردستان بەردەوام ڕەخنەی ئەوەیان گرتووە کە ڕێژیمی تاران دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئەم وڵاتەدا دەکات.