کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگ سەرەتایەک بۆ ژیانە

11:14 - 16 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: بنەماڵەیەکی خەڵکی شاری کامیاران سەر بە پارێزگای سنه، پاش گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان، تووی هیوایان لە دڵی منداڵە هەتیوەکاندا چاند و دییەی کوڕەکەیان بۆ کارێکی خێرخوازانە تەرخان کرد.

بنەماڵەیەکی خەڵکی شاری کامیاران، پاش لەدەستدانی کوڕەکەیان لە ڕووداوێکی نەخوازراودا، لە هەوڵێکی مرۆڤدۆستانەدا، دییەی مەرگی کوڕەکەیان بۆ کارێکی خێرخوازی تەرخان کردووە.

بنەماڵەی "حەیدەری"، بە پارەی ئەو دییەیە کە لە بەرانبەر گیانلەدەستدانی کوڕەکەیاندا پێیان درابوو، ئامبۆڵانسێکیان بۆ خەڵکی شاری کامیاران کڕیوە تاکوو نەخۆشەکان لە کاتی خۆیدا و بەبێ هیچ درەنگکردنێک بگەیەننە نەخۆشخانە.

سەرەڕای بەخشینی دییەی مەرگی "ماردین حەیدەری"، دایکی بە دروستکردنی ئەو خواردنەی کە کوڕەکەی حەزی لێبووە، منداڵانی هەتیو و هەژاری  بۆ ژەمێکی خواردن میوان کردووە.

"کەمپەینی میهەربانییەکانی جوانڕۆ"، پاش ئەم بەخشین و دڵفراوانییەی بنەماڵەی "حەیدەری"، بە بەخشینی "تەندیسی میهرەبانی"، ڕێزیان لە کردەوە مرۆڤدۆستانەکانی ئەم بنەماڵەیە گرت.