کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگی جەلاد بێ دادگایی و حەسرەتی قوربانی

00:31 - 12 خاکەلێوه 2722

زاگرۆس

لە یەکەم هەیڤەکانی سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ساڵی ٥٧ەوە دەستی کردە خوێنڕشتن و لە بێدادگاکانی تورکمەن سەحرادا پیشانی دا کە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ئاخوندەکان لە هیچ جینایەتێک سڵ ناکاتەوە و بەسەر پلیکانەی ترس و تۆقاندن و کوشتوبڕ و بێسەروشوێنکردنی خەڵک و شۆڕشگێڕاندا سەرکەوت و لە ڕۆژی یەکەمی نەورۆزی ئەمساڵدا بێ ئەوەی لە بەرانبەر ئەو جینایەتانەی خوڵقاندی، لەبەردەم دادگای خەڵکدا وڵام بداتەوە گیانی دا.

پاش بەتاڵانبردنی شۆڕش لەلایەن هەندێ لە ئاخوندەکانەوە یەکێک لە پێویستییە سەرەکییەکان بۆ ڕاگرتنی دەسەڵات لە دەستی ئەم تاقمەدا ڕێکخستنی ماشینێکی سەرکوت بوو کە لەوپەڕی دڵڕەقیدا نەیارانیان لەناو ببات.

سەرەتا لە ڕێگەی چەند حاکمی شەرعی وەک خەڵخاڵی و ڕەیشەهرییەوە ئەم پیلانەی تازەبەدەسەڵات گەیشتووان جێبەجێ کرا. پاش ماوەیەک کە سیناریۆی دادگا نمایشییەکان نەیانتوانی نەک هیچ ڕەواییەک بە مەلاکانی تاران بدەن بەڵکوو زیاتریش هەستیان کرد لە ڕوانگەی خەڵکەوە تەنیا تاقمێک تاڵانکەری خەون و ئاواتەکانی شۆڕشن و هەستیان بە مەترسی زیاتر دەکرد لەسەر حکومەتەکەیان، دەستیان دایە دامەزراندنی ڕێکخراوەیەک بە ناوی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی کە بەپێی ئەو بەڵگانەی تا ئێستا بڵاو بووەتەوە یەکێک لە جینایەتکارترین و بێبەزییترین ئامرازەکان بووە بۆ مانەوی دەسەڵاتی نگریسی مەلاکان و دەتوانین وەک بێبەزەییترین و خوێنڕێژترین سیستمی ئیتلاعاتی لە ناوچە و تەنانەت دنیاشدا پێناسەی بکەین کە تەنیا لە یەکێک لەو کەیسانەی کە دەکرێ وەک جینایت دژی گشت مرۆڤایەتی ناودێری بکەین، کوشتنی زیاتر لە سێ هەزار بەندییە لە هاوینی ساڵی ٦٧دا کە هێشتاش زۆر لایەنی شاراوەی ئەم جینایەتە ڕوون نەبووەتەوە.

  بەپێی بەڵگە ئاشکراکراوەکان تەنیا لە ٥ ساڵدا یانی ساڵەکانی ٦٣ تا ساڵی ٦٨ زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس لە لاوانی شۆڕشگێر و جیابیران لە لایەن ئەم وەزارەتەوە لە سێدارە دراون، بێسەروشوێن کراون یان لە ژێر ئەشکەنجەدا شەهید کراون؛ ئەمە جیاواز لەو کەسانەیە کە هەر لەو سەردەمەدا بە هۆڤانەترین شێواز ئەشکەنجە کراون و ئەندام یان چەند ئەندامی جەستەیان لە دەس داوە! بەڕێوەبەری سەرجەم ئەم کارە نامرۆڤانە موحەممەدی موحەممەدنیک یان هەمان موحەممەدی ڕەی شەهرییە.

جیاواز لەو جینایەتانەی کە بەرانبەر گیراوان و بنەماڵەکانیان لە تەواوی تەمەنی بوونی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە تا هەنووکە بۆ پاراستنی دەسەڵات لە ڕێگەی ئەم وەزارەتخانەوە ئەنجام دراوە ڕەیشەهری وەک یەکەمین سەرۆکی ئەم وەزارەتە چەند نەریتی نەشیاوی دروست کرد کە تا هەنووکەش کەم تا زۆر بەردەوامن و لەم نووسراوەدا بە کورتی ئاماژە بە سێ نموونەی دەکەین:

یەکەم؛ ملکەچکردنی دەزگای داد لەهەمبەر وەزارەتی ئیتلاعاتدا؛ ئەوانەی ناسیارییەکی کەمیشیان لەمەڕ دەزگای داد و وەزارەتی ئیتلاعات هەبێ لەو ڕاستییە ئاگادارن کە قازییەکان لەمەڕ پەروەندەی گیراوە سیاسییەکان کەمترین سەربەخۆییان هەیە و لەڕاستیدا ئەوە وەزارەتی ئیتلاعاتە کە دیاری دەکات چ حوکمێک بۆ گیراوان ببڕدرێتەوە و ئەم نەریتە و بێدەسەڵاتکردنی دادگا و تەنانەت یاسای دواکەوتووی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر گیراوانی سیاسی نەریتێکە کە ڕەیشەهری جەلاد دایمەزراند و تا هەنووکەش درێژەی هەیە.

دووهەم؛ دامەزراندنی جەلادانی پێشوو و کارمەندانی ساواک لە وەزارەتی ئیتلاعاتدا؛ یەکێک لەو کارە قێزەونانەی کە لە سەردەمی ئەم جەلادەدا ڕەچاو کرا و کاریگەری خراپی لەسەر کۆمەڵگا و هیوا بۆ دواڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕش دانا و تا هەنووکەش ئەم ڕەوتە ناشیرینە هەر درێژەی هەیە کەڵکوەرگرتنە لە ئەشکەنجەگەرانی سەردەمی پاڵەوی کە ئەمجارەیان بە هێشتنەوەی ڕیش، هەمان شۆڕشگێڕانی دوێنێیان ئەشکەنجە دایەوە و بەپێی بیرەوەری دەیان کەس کە لە هەر دوو ڕێژیمی پاڵەوی و ئاخوندیدا ئەشکەنجە کران، ئەشکەنجەگەران هەر یەکێک بووە کە هەر لەو سەردەمەوە و بەداخەوە تا هەنووکەش ئەو چەشنە ڕوانینە درێژەی هەیە کە گۆڕینی دەسەڵات هیچ کاریگەرییەک لە چارەنووسماندا دانانێت و هەمان دەسەڵاتدارانی دوێنێن کە دیسان دسەڵات بە دەستەوە دەگرن.

سێهەم؛ کەڵکوەرگرتن لە هەر چەشنە ئەشکەنجە بۆ دانپێدانانی زۆرەملی؛ لە سەردەمی ڕەیشەهریدا تەنانەت لە چەند مەرجەع تەقلید فتوا وەرگیرا کە ئەشکەنجەکردنی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی بۆ دانپێدانی زۆرەملی حەڵاڵە و ئەشکەنجەدانی ئەم کەسانە وەک کاری چاکەی دنیا و قیامەت بۆ ئەشکەنجەگەران بە حیساب دێت و بەم شێوازە بە دژی یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامیش ئەشکەنجە و ئازاری بەندییە سیاسییەکانیان وەک ڕەوتێکی سیستماتیک و خاوەن ڕەوایی پێناسە کرد کە تا هەنووکەش هەر کار بەم عەقڵیەتە دەکرێت.

ئەوەی باسمان کرد تەنیا بەشێکی زۆر کەمی جینایەتەکانی جەلاد ڕەیشەهرییە کە مەخابن بێ دادگاییکردن و بە مەرگی ئاسایی ژیانی کۆتایی هات؛ هەرچەند بە مەرگی ئەم جۆرە کەسانە دنیا دەبێتە شوێنێکی شیاوتر بۆ ژیان، بەڵام سەد داخ ئەو ئامانجە کە سەدان هەزارکەس لە پێناویدا شەهید بوون یان تووشی تەنگ و چەڵەمە و ئازار بوون و محەممەد ڕەیشەهری یەکێک لە دژبەرانی و بەرهەڵەستانی سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە بوو بەر لەمردنی بەسەرکەوتن نەگەیشت تا بە دادگایی کردنی ڕەیشەهری و ڕەیشەهرییەکان هەتوانێک بێت بۆ زامی هەرگیز ساڕێژنەبووی قوربانیان و بنەماڵەکانیان.