کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگی دیکتاتۆر

12:22 - 25 پووشپەڕ 2722

جاقل

ئەگەر ڕۆشنگەری سیاسی لە وڵاتدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو پەرە بستێنێ و خەڵک ئەزمونێکی شکستخواردویان لە دەسەڵاتی دیکتاتۆر بۆ بەڕێوەبەری وڵات تاقی کردبێتەوە دەتوانین بڵێین هەر چەند حکومەت بیهەوێ بە زەبروزەنگ دەسەڵاتەکەی ڕابگرێ بێگومان ناتوانێ و لە ئاکامدا حکومەتی دیکتاتۆری مەحکوم بە ڕووخان دەبێ .

بە ڕێژەیەکی بەرچاو تەمەنی حکومەتە دیکتاتۆرەکان گرێدراوی کەسانی یەکەمی دەسەڵاتە و لە ئەگەری مردنی کەسی یەکەمدا بەستێن بۆ ئاڵوگۆڕ دروست دەبێ و چیدی یەکگرتوویی و پیرۆزییەکان ناتوانێ کۆدەنگی بە پاشماوەکانی دەسەڵات ببەخشێ. چون بەپێی ئەزمونەکان پاشماوەکانی ئەو جۆرە حکومەتانە لە ناوخۆیاندا بە بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی و بۆ قازانجی تاکەکەسی خۆیان دەکەونە ململانێ و لە کێبرکێ بۆ هێزمەندیدا لە بەها و ئەرزشە پیرۆزەکان خەرج دەکەن. ئەو لایەنانە بە نەوعێک دەکەونە دژایەتی یەکتری کە زۆرجار لایەنە بەرانبەرەکان ناچار بۆ پاراستنی خۆیان ببنە مۆرەی وڵاتانی دەرەکی هەتا لەو ڕێگاوە وڵاتە زلهێزەکان بیانپارێزن. لێرەدا چیدی پرسەکە تایبەت بە تاک نامێنێ بەڵکوو تاکەکان ژێربەژێر ناچارن لەگەڵ یەک ڕێبکەون هەتا ژیانیان پارێزراو بێت کە دەتوانین لێرەدا ئاماژە بە مافیا و باندە جۆراوجۆرەکانی نێو ڕێژیم و سپای تیرۆریستی پاسداران و زۆربەی ئۆرگان و سازمانەکانی ژێر دەستەی ڕێژیمی ئاخوندی بکەین کە بێگومان زۆربەیان لە ترسی یەکتری بوونەتە دارەدەستی وڵاتانی دەرەکی .

ئەمەش بە جۆرێک لە جۆرەکان هەم گەندەڵی سیستماتیکییە لە بەڕێوەبەریدا و هەم بەشێکە لە داڕمانی دەسەڵات. لە یەکەم ڕۆژی دامەزرانی دەسەڵاتی توتالیتێر و دیکتاتۆری ئاخوندییەوە، خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادی و داهاتوویەکی باشتر لە چوارچێوەی جوغڕافیای ئێراندا دەستی پێکرد. لەگەڵ لاچوونی دەمامک لە سەر سیمای تیرۆریستی ڕێژیم، ڕێژیم لە جیهاندا زیاتر خرا پەراوێزەوە .

تەریککەوتنەوەی ڕێژیمی ئاخوندی بە هۆی پرسی ناوکی، مووشەکی، تیرۆریزم، مافی مرۆڤ، درۆنەکان و ئایدیۆلۆژیکبونی سیستمی حکومەتدارییەکەی ئەگەرچی نەبووەتە هۆی ڕوخانی ڕێژیم بەڵام تاڕادەیەک توانیویەتی ببێتە هۆی ئەوە کە مەیدانی ڕمبازێنە نەشیاو و دوور لە پڕەنسیپە نێودەوڵەتییەکانی ڕێژیم بەرتەسک بکاتەوە .

لەگەڵ فەشەلهێنانی سیستمی بەڕێوەبەری ئاخوندیدا لە جوغڕافیای ئێران، خۆپیشاندانەکان لە شەقامدا بە تایبەت لە چوار پێنج ساڵی ڕابردوودا بەردەوام ڕوی لە زیادبوون کردووە. دروشمەکانی خۆپیشاندەران بەپێی بارودۆخ و ناوچە و جۆری داواکارییەکە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە. سوتاندنی سیمای نگریسی خامنەیی و دروشم بە دژی ئەو زۆر جار ئەنجام دراوە  .

لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەگەرچی ڕێژەی خۆپیشاندانەکان زیادی کردووە بەڵام کەمتر دەبیسترێ کە دروشمەکان ڕاستەوخۆ خامنەیی دیکتاتۆر بکەنە ئامانج . ئەمەش دەتوانێ چەندین هۆکاری لە پشت بێت بۆ نمونە کەسانێک لە ناو خۆپیشاندەراندا کە مۆرەی ڕێژیمن دروشمەکان بەلاڕێدا دەبەن، ئەوان تەنانەت ڕەئیسی بە ناوی سەرکۆمار دەکەنە قوربانی هەتا خامنەیی بپارێزرێت. بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی خۆپیشاندانەکان لەم چەند ساڵە کەمەی ڕابردوودا بۆمان دەردەکەوێ کە حاکمییەتی تاران لەگەڵ ئەوە کە دڵنیایە کە ڕێژیمەکەی بەرەو لەناوچوون مەلە دەکات کەچی حارز نییە بە ساناییش ملکەچی ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵک بێت. جەغزی ئۆلیگارشی حاکمییەتی خامنەیی چیدی چارەنوسی مۆرەکانی خۆی بۆ گرینگ نییە و ئەوەی بیری لێدەکاتەوە تەنیا و تەنیا خۆیەتی؛ هەر بۆیە تایێب و مۆرەکانی سەرەوە دەگۆڕێ بێ ئەوە بۆی گرینگ بێت لێکەوتەی ئەم ئاڵوگۆڕە بێحورمەتانانە چ خەسارەتگەلێکی لە داهاتودا دەبێ. لە گۆڕەپانی شەقامدا هیچ بەرگرییەک لە ناو و کەسایەتی سەرکۆمارە دانراوەکەی ناکات تەنیا بەو مەرجە کە خەڵکی ناڕازی دروشم بە دژی خامنەیی نەدەن. ئەم ڕەوتە وەک قەرارێکی نەنوسراوی لێهاتووە لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزی سەرکوتدا .

حاکمییەت زۆر باش لە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتەکەی تێگەییوە بۆیە حەزناکات هەتا خامنەیی لە ژیاندا مابێ، دەست لە دەسەڵات بەر بدا . مەرگی خومەینی  نەبووە هۆی ڕووخانی ڕێژیمەکەی چون هەر وەک لە سەرەتای ئەم کەتوارەدا ئاماژەمان پێکرد دوو فاکتەری گرینگ واتە ڕۆشنگەری سیاسی و ئەزمونی شکستخواردووی بەڕێوەبەری وڵات لە ساڵی ٦۸دا لە قوڵایی کۆمەڵگادا بە تێکڕا لەئارادا نەبوو. جیاواز لەمانە خەڵک لە شەڕێکی ماڵوێرانکەردا هیلاک کرابوون و هیوایان وابوو لە پاش ئەم هەمو شەڕ و کاولکارییە وچانێ بدەن و داهاتوویەکی خۆش ببینن، بەڵام مەرگی خامنەیی بە تەواوی لە گەڵ مەرگی خومەینی جیاوازە چون ئەو دوو فاکتەرە بە تەواوی لە جوغڕافیای ئێراندا پەرەیان سەندووە. خەڵک چیدی هیوایەکیان بە ئاخوند و دیکتاتۆر نەماوە و چیدی نایانهەوێ ئەزمونە شکستخواردووەکان تاقی بکەنەوە .

زۆر جار ڕووخانی دەسەڵات تەنیا ماوەیەکی کورتی لەگەڵ مەرگی دیکتاتۆر نێوان هەیە، یان بە پێچەوانەوە .

لە کۆتایی ئەم کەتوارەدا دەبێ بە دڵنیاییەوە بڵێین کە مەرگی خامنەیی و ڕووخانی دەسەڵاتی ئاخوندی گرێدراوی یەکترین هەر چەند کە ڕەوتی خۆپیشاندانەکان و خەڵکی وەزاڵەهاتوو هیچکات ماتڵی مەرگی دیکتاتۆر نابێ و دووریش نییە لە پێشدا ڕوخانی دەسەڵاتی ئاخوندی ڕوو بدات و مەرگی خامنەیی بە ماوەیەکی کەم پاشی ئەم ڕووخانە ڕوو بدات .