کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگی گوماناویی بنەماڵەیەکی کرماشانی بە دەستی سپای تێرۆریستیی پاسداران

11:51 - 7 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بنەماڵەیەکی کرماشانی لە شارۆچکەی فەرهەنگییانی ئەو شارە، کە بە بنەماڵەیەکی سیاسی ناسراون، لە لایەن سپای تێرۆریستیی پاسدارانەوە بە شێوازێکی گوماناوی کوژراون.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بە دەستمان گەیشتووە، سپای تێرۆریستیی پاسداران پاش شناسایی کردنی ئەم بنەماڵەیە، تیمێکی تایبەت لە شەودا دەنێرنە ئەو ماڵە و بە شێوازێکی گوماناوی دەیانکوژن و تەنانەت ڕۆحم بە دوو منداڵی کوڕ و کچی هەشت و سێ ساڵەی ئەو بنەماڵەیەش ناکەن و دەیانکوژن و دەرگایان لەسەر دادەخەن.

ڕۆژێک پاش ئەم ڕووداوە، خزمانی بنەماڵەکە بە هۆی ئەوەیکە وڵامی پێوەندییەکانیان لە لایەن ئەم بنەماڵەیەوە نادرێتەوە، سەردانیان دەکەن؛ دەرگای ماڵەکە لە لایەن هێزی پۆلیسەوە دەکرێتەوە و تەرمەکانیان دەنێرنە پزیشکی یاسایی ئەو شارە و پزیشکی یاسایی بە هۆی گۆڕانی ڕەنگی تەرمەکان، مەرگەکان بە گوماناوی ڕادەگەینێ.

پاش تێپەڕینی چەند ڕۆژێک لەم ڕووداوە هێشتا هۆی مردنیان ڕوون نەکراوەتەوە ؛ تەرمەکانیش ڕادەستی بنەماڵەکەیان کراوەتەوە، تاکوو هۆکاری مردنی گوماناویی ئەم کەسانە شاراوە بمێنێت.

ئەمە یەکێک لەو هەزاران تێرۆرانەیە کە ڕێژیمی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات دژی دژبەرانی خۆی ئەنجامی دەدات و تەنانەت منداڵەکانیش دەکات بە قوربانی.