کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەریوان خانەخوێی شانۆکارانی سەر شەقامه

11:53 - 3 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: چواردەهەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان، بە بەشداریی ١١ وڵاتی جیهان، لە پێتەختی شانۆی سەرشەقامی ئێران، دەستی پێکرد.

ئەم فێستیڤاڵە لە ڕێکەوتی ۲ی خەرمانانەوە هەتا ۵ی خەرمانان، بە بەشداریی گرووپە شانۆکارەکانی سەرانسەری ئێران و چەندین گرووپی شانۆکاری وڵاتانی تر، لە شاری مەریواندا بەڕێوە دەچێت.

ئەو وڵاتانەی لەم فێستیڤاڵەدا بەشدار بوون، بریتین لە: "هۆلەند ، مێکزیک، ڕووسیە، ئیتالیا، برزیل، ئۆکراین، ئەرمەنستان، هاوبەشی عێراق و عومان، هاوبەشی ئێران و هەرێمی کوردستان، گورجستان و لوبنان".

ئەم فێستیڤاڵە لە چەند بەشدا بەڕێوە دەچێت کە بریتین لە بەشەکانی: "کێبڕکێ، نێونەتەوەیی، جۆرەکانی تری بەڕێوەبەری، ئایینی نەریتی، هەڵبژێردراوی فێستیڤاڵەکان و بەشی منداڵان".

لە فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریواندا، ٣٨ بەرهەم پێشان دەدەرێت کە ٢٨ بەرهەمی نێوخۆیی و ١٠ بەرهەمی دەرەکییە.

چواردەهەمین فێستیڤاڵی نیودەوڵەتی شانۆی سەر شەقامی مەریوان لە هەشت بەشدا، بریتی لە: "کێبڕکێی ئێران، جۆرەکانی تر بەڕێوە بردن، شانۆی ئایینی و نەریتی، کێبڕکێی شانۆی نەتەوەکان، شانۆی منداڵ و تازەلاو، میوان، توێژینەوە و کارگەی پەروەردەیی"، دووەم تا پێنجەمی خەرمانان لە شاری مەریواندا بەڕێوە دەچێت.

هەروەها بڕیارە چەند کارگەیەکی ڕاهێنان، لە لایەن مامۆستایانی بیانییەوە بەڕێوە بچێت.

٥٦ هەواڵنێری نێوخۆیی و ٦ میدیای دەرەكی، ڕووماڵی ١هەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان دەكەن.

ئەم فێستیڤاڵە، هەموو ساڵێک بە پێشوازییەکی زۆر لە لایەن خەڵکی هونەردۆستی مەریوانەوە، بەشکۆتر لە ساڵانی ڕابردوو بەڕێوە دەچێت.