کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەریوان؛ سووتانی دارستان و تێکچوونی ژینگە لەلای ئیدارەکانی ڕێژیم شتێکی ئاساییە

12:49 - 28 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، شارەداریی شاری مەریوان بە مەبەستی سووتاندنی چرپی و چاڵی دروستبوو لە هەرەسی دارەکان، لە نزیک "قەڵای مەریوان" ئاگرێکی کردبووەوە و دواتر ئاگرەکە بەرەو دەوروبەر پەرەی سەندبوو.

بەهۆی پەرەسەندنی ئاگرەکە و لە کۆنترۆڵ دەرچوونی، نزیک بە حەوت هێکتار لە دارستانەکانی دەوروبەری شوێنەکە لە ئاگردا سووتاون.

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن: "شارەداری زەحمەتی ئەوەندە بەخۆی نادات کە چەند دیوارێک کە تێچوویەکی ئەوتۆشی نییە بە دەوری شوێنەکەدا بکێشێت بۆ ئەوەی ئاگرەکە بەرەو دەوروبەر تەشەنە نەکات".

پێشتریش ڕۆژی ٨ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەو شوێنە و لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا ئاگر لە دارستانەکانی ئەو شوێنە بەرببوو و زیان بە ژینگەی دەوروبەر گەیشتبوو.

زۆربەی دەزگا و ئیداراتی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە کوردستان، بۆ بەڕێوەچوونی کارەکانیان ژینگە بەکار دێنن و بەو بۆنەوە ساڵانە زەرەر و زیانێکی زۆر بە ژینگە دەگەیەنن و تێکچوونی ژینگەیان بۆ گرینگ نییە.