
بەپێی هەواڵێک کە بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" گەیشتووە، هەنگی سنووری و سپای تێرۆریستی پاسداران لە گوندی "سەردۆش" سەر بە مەریوان، داری دارستانەکان دەبڕنەوە و خەریکی کاولکردنی ژینگەن.
ئەم هەوڵەی هێزەکانی هەنگی سنووری و سپای پاسداران، ناڕەزایەتیی دانیشتووانی گوندی سەردۆشی لێکەوتووەتەوە و ئەم کارە بە کاولکاریی سروشت و ژینگەی کوردستان دەزانن.
پێشتریش سپای پاسداران چەندین جار داوای لە دانیشتووانی سەردۆش کردبوو کە بۆ بڕینەوەی دارەکانی دەوروبەری پاسگاکەیان لەو گوندە یارمەتییان بدەن، بەڵام خەڵک ئەو داخوازییانەیان قەبووڵ نەکردبوو.
سپای پاسداران بە مەبەستی کاولکردنی ژینگە و هەروەها تاڵانکردنی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان، بەگشتی داری دارستانەکانی کوردستان دەبڕێتەوە.