کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"مەزلووم عەبدی": تورکیە گۆڕی بەکۆمەڵی شەهیدانی ئێمە دەداتەوە

18:03 - 25 پووشپەڕ 2721

"مەزلووم عەبدی"  فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریەی دێموکرات (HSD) لە پەیامێکی تویتێریدا بڵاوی کردووەتەوە: "هێزەکانی داگیرکەری تورکیه گۆڕی ئەو شەهیدانە هەڵدەدەنەوە، کە لە کاتی بەرگریکردن لە عەفریندا شەهید ببوون و ئێستا وەکوو گۆڕی بەکۆمەڵ ناوی لێ دەبات".

"عەبدی" داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی کردووە، کە دەستبەجێ پێش بە جینایەتی تورکیە بگیردرێت و "عەفرین" و دانیشتووانەکەی لە تاوان دژ بە مرۆڤایەتی بپارێزرێن.

پێشتر هەواڵێک لە میدیاکاندا بڵاو کرابووەوە کە لە گەڕەکی "عەفرینـ"ـی نوێ، گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزراوەتەوە که تەرمی ٣٥ کەسی تێدا بووە. لە هەواڵەکاندا هاتبوو ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە لە کاتی هەڵکەندنی زەوی بە لۆدێر دۆزراوەتەوە.

دوای ئەو هەواڵە "مەزلووم عەبدی"  فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریەی دێموکرات ڕاستییەکەی ئەو هەواڵەی بڵاو کردەوە و لە تویتێری فەرمیی خۆیدا باسی لەوە کرد؛ ئەوە گۆڕی ژمارەیەک له شەهیدانە کە بە کۆمەڵ لە "عەفرین" نێژراون و تورکیە ئیدعا دەکات گۆڕی بەکۆمەڵە و دیار نییە هی چ کەسانێکە.

ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی تورکیە دوای ماوەیەکی زۆر هەڕەشە و گوشار کە بە ڕوونی ڕایدەگەیاند کە هێرش دەباتە سەر کوردستانی ڕۆژاوا و لە ناوچەی "عەفریـ"ـنەوە دەست پێ دەکا، هەڕەشەکانی خستە بواری کردەییەوە و بە چەکی قورس و فڕۆکە و تۆپباران هێرشی کرده سەر کوردستان و لەو نێوەدا گیانی خەڵکی سیڤیلیش کەوته مەترسیەوە و ژمارەیەک زۆر لە خەڵكی ئەو شارە گیانیان لەدەست دا.