کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەزلووم کێیە!

16:04 - 22 بەفرانبار 2720

هەژار برنجی

کوژرانی حاجی قاسم سلێمانی بە دڕۆنەکانی هێزی ئاسمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕووداوێکی زۆر گرینگ و کاریگەر بوو لەسەر تێکشکانی کاریزما و هێژمۆنی ئێران کە خۆی بە ڕێبەری موقاومەتی شیعە دەزانێت لە ناوچەکەدا. ئەم ڕۆژانە بە بەهانەی ساڵوەگەڕی ئەو ڕووداوە ڕاگەیاندنی جیهانی و بە تایبەت ڕاگەیاندنی ڕێژێمی ئێران بەرهەمی زۆریان لەسەر قاسم سلێمانی و کارەکانی و کوژرانی و ڕەنگدانەوەکانی بڵاو کردەوە.

سرووشتییە کەسانێک پێی هەڵبڵێن و هەندێکیش لەنێو زگیان داوەت بگەڕێت کە حاجی ئاخا تێداچووە. ئینکاری ئەوە ناکرێت کە کەسێکی تایبەت بووە و خۆی بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی تەرخان کردووە. بەڵام لەنێو ئەو ژمارە زۆرەی بەڵگە و فیلمه ئەوەی سەرنجی منی زۆر بۆ لای خۆی ڕاکێشا دیمەنی سەرەخۆشی حەسەن ڕووحانی سەرکۆماری ئەو ڕێژیمە بوو لە بنەماڵەی حاجی قاسم.

کچی حاجی قاسم بە دەنگێکی لەرزۆک چاو لە ڕووحانی دەکات و دەڵێ: “باوکمان زۆر مەزلووم بوو” دواتر سەری بەردەداتەوە و بە دەستی چاوەکانی دەگرێت بە نیشانەی ئەوەی پێش به فرمێسکەکانی دەگرێت و نایهەوێت گریانی بە دیار کەوێت.

حەسەن ڕووحانی بە زەردەخەنەوە: “بەلێ مەزلووم بوو. بە عەزەمەت شەهید بوو بەڵام بە مەزلوومی شەهید کرا”.

باس دەکرێت کە گوایا ئەو کچەی سلێمانی زۆرجاران لەگەڵ باوکی هاتوچۆی کردووە و بووکی حیزبوڵڵای لوبنانە. دەستپەروەردەی باوکییەتی و ڕەنگە باوکی زۆر شتی بۆ داهاتوو لای ئەو بەجێ هێشتبێت. ئێستاش وا دیارە جار و بار سەردانی ناسیاوەکانی باوکی دەکات. بەڵام ئایا قاسم سلێمانی مەزلووم بوو؟

نەک نەیارانی بەڵکوو ڕاگەیاندنی ڕێژێمی ئێران قاسم سلێمانی وەک فەرماندەی شەڕە نیابەتییەکانی سووریە و لوبنان و عێراق دەناسێنن. هیج مرۆڤێک دیمەنی منداڵەکانی ناو حەلەب و شارەکانی تری سووریەی لەبیر ناچێتەوە کاتێک بە سەر و جەستەی بە تۆز و خوێن داپۆشراو لەنێو ئامبوڵانسەکان بە تاساوی چاویان لە لێنزی کامێراکان بڕیبوو. ئایا ئەوان مەزلوومن یان قاسم سلێمانی! کاتێک داعش بە فیتی سلێمانی و هاوپەیمانەکانی هێرشیان لە سەر بەغدا ڕاگرت و ڕوویان لە شنگال کرد و شارەکەیان وێڕان و کچە کوردە ئێزیدییەکانیان پێشکێشی موجاهیدەکانیان کرد، کچە ئیزیدییەکان مەزلووم بوون یان قاسم سلێمانی! کاتێک پاسدارەکانی قاسم سلێمانی بێ بەزەییانە تەقەیان لە کۆڵبەرانی کورد دەکرد کە منداڵەکانیان چاویان لە ڕێگا بوو باوکیان ئێوارە کۆڕی ماڵەکانیان گەرم بکاتەوە بەڵام تەرمی لەخوێندا شەڵاڵی باوکیان بۆ دەچۆوە بەر دەرگای ماڵەکانیان ئەوان مەزلووم بوون یان قاسم سلێمانی! کاتێک بە دەستووری سلێمانی شۆڕشگێڕانی ڕۆژهەلات لە کۆیە مووشەکباران دەکران و منداڵەکانیان لە نازی دایک و باوک بێبەش دەکرد ئەوان مەزلووم بوون یان قاسم سلێمانی!

دڵنیام زەینەبی کچی سلێمانی باش دەزانێت کە باوکی مەزلووم نەبووە. بەڵام ئەوەی گرینگە سیاسەت و شێوازی کاری سیاسییە شیعەکانی ئێرانە کە بەردەوام هێما و پیرۆزیەکانیان زیندوو ڕادەگرن و خەڵکی خۆیان بەو هێمایانە بۆ هەر ئامانجێک کە پێویست بێت “بەسیج” دەکەن. “حوسێنی مەزلووم” بە حوسێنی کوڕی ئیمام عەلی دەلێن چوونکە بە دەست یەزیدی سوننە کوژراوە و ئەوان پێیان مەزلوومە. بۆیە بەکارهێنانی وشەی “مەزلووم” لەلایەن کچی حاجی قاسم وەک ئەوەیە کە بلێت باوکم وەک ئیمام حوسێن لە پێناو شیعەکاندا کوژرا.

ئێمەی کورد پیرۆزی و هێمامان لە هەموو گەلان و وڵاتان زیاترە، هەر لە مادەکانەوە هەتا سەدەی ٢١ شەڕی مان و نەمان دەکەین. وڵاتیان لێ چەند پارچە کردووین و هەر جارە و بە بیانوویەک هێرشمان بۆ دێنن. شەڕمان پێ دەفرۆشن، بە ناوی برایەتی دوژمنایەتیمان دەکەن، بە ناوی هاووڵاتی بەشی خۆمان پێ ڕەوا نابینن، بە ناوی دین و مەزهەب قڕمان دەکەن، لە سێدارەمان دەدەن، بۆمبی کیمیایی و فۆسفۆریمان پێدا دەبارێنن، ژنە سیاسەتمەدارەکانمان لە ڕیگا دەگرن و بە بێ حورمەتیەوە دەکوژن،

سیاسەتمەدارە عاقلە ئاشتیخوازەکانمان لە زیندان دەکەن و بە هەرچی ڕێگایە دژایەتیمان دەکەن. بەڵام لە هەمووی مەترسیدارتر ئەوەیە کە خەریکە خۆمان پیرۆزی و هێماکانمان ناهێلین!

کورد لەبەر سەرکردە و حکوومەت و دڵی سیاسییەکان کوردستانی خۆش نەویستووە کە لەبەر خاتری هەڵە و کێشەکانی ئەوان دەست لەو خۆشەویستییە هەڵبگرێت. کورد، خاکی نیشتمانەکەی، زمانەکەی، ئاڵاکەی، سروودە نەتەوایەتییەکەی، خوێنی شەهیدەکانی، هێماکانی، سەربەخۆییەیی و حکومەتەکەی تەنانەت ئەگەر کەمووکووڕیشی هەبێت لە هەموو شت گرینگترە کە دەبێت هێلی سوور بن و کەس بۆی نەبێت بیانبەزێنێت. هەر کات خۆمان و نەوەی داهاتوومان ئەو هێمایانەی بۆ هێڵی سوور بوو و بایەخی پێدان، ئەو کات هەموو دووژمنکارییەکان ناتوانن ڕێگامان لێ بگرن یان تەنانەت بیر لە پاکتاوکردنمان بکەنەوە. ئەو کات ئێمەش پەل دەهاوێژین و بیر لە قووڵایی ستراتێژیی خۆمان دەکەینەوە و منداڵەکانمان شانازیمان پێوە دەکەن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.