کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەقەستی دەستی خەڵک، ڕۆبانی پرۆژەکانی ڕێژیم دەبڕێت

12:41 - 8 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بێکیفایەتی و نابەرپرسایەتیی بەناو بەرپرسانی ڕێژیم، وای لە خەڵکی کوردستان کردووە کە ئیتر بۆ کرانەوە و بەکارهێنانی پرۆژەکانی ڕێژیم، چاوەڕێی مەقەستهێنان و ڕۆبانبڕینی بەرپرسان نابن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، "سەعید نەمەکی"، وەزیری بێهداشتی ڕێژیم کە بڕیار بوو بە مەبەستی بڕینی ڕۆبانی پرۆژەی بیمارستانی ١٠٦ تەختیی پاوە، ڕۆژی دووشەممە، ٧ی گەلاوێژ، سەردانی ئەو شارە بکات، بۆ چەندەمین جار هەڵوەشایەوە.

یەکێک لە هاووڵاتییانی ئەو شارە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بێت وتوویەتی کە ئەو بیمارستانە، ١٠٦ تەختییە و بڕیار بوو کە بیمارستانی کۆنی ئەو شارە بگوازرێتەوە بۆ بینای نوێ و پرۆژەیەک بووە کە ساڵەهایە خەڵکی ئەو شارە داوای جێبەجێبوونی دەکەن و بێکیفایەتیی بەناوبەرپرسانی پەیوەندیدار، وەک تاوانێکی نەبەخشراوەیە.

ئەو هاووڵاتییە هەروەها باسی لەوە کردووە کە لە بەرانبەردا خەڵکی ئەو شارە ئیتر قاپی سەبوورییان لێوڕیژ بووە و بە دەستی خۆیان مەقەستیان لە ڕۆبانێک داوە کە دەبوو بەدەست بەرپرسانی ئەو پرۆژەیە ببڕدرایەت و لە ئێستادا کەڵک لەو نەخۆشخانەیە وەردەگیردرێت و ئیتر چاوەڕێی بەناو بەرپرسانی کەمتەرخەم نەماون.