کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەلا قادر قادری جارێکی دیکە دژی خەڵکی کورد هەڵوێستی گرتەوە

12:54 - 2 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: مەلا "قادر قادری"، پێشنوێژ و نوێنەری ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامی لە پاوە، بە هاوکاریی سپای تێرۆریستی پاسداران لەو شارە، لە هەوڵدایە بەرپەرچی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بداتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، "مەلا قادر قادری"، پێشنوێژ و نوێنەری ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە پاوە، بە هاوکاریی سپای تێرۆریستی پاسداران لەو شارە، دەستیان بە ئامادەکردنی پلاکارت کردووە تا بەرپەرچی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان بدەنەوە و بە چەواشەکاری پرسەکە بە لاڕێدا ببەن.

لەسەر هەندێک لەم پلاکارتانە پەیام و نووسراوەکان بە چەشنێکن کە پشتیوانی لە ڕێژیم نیشان دەدەن. لەسەر هەندێکی دیکەشیان خۆپیشاندانەکانی خەڵک لەهەمبەر گرانبوونی نرخی بێنزین مەحکووم کراوە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لەمبارەوە ڕایگەیاند، پلاکارتە ئامادەکراوەکان لەبەر دەرکی مزگەوتی پاوەدا هەڵواسراون و لە کاتی هاتنە دەرەوەی خەڵک لە مزگەوت و پاش تەواوبوونی نوێژی هەینی وێنەیان لێ گیراوە کە گوایە ئەمە خەڵکن کە ئەو خۆپیشاندانانەیان مەحکووم کردووە و پشتیوانییان لە ڕێژیمی ئێران کردووە.

مەلا "قادر قادری" لە زۆربەی کاتەکاندا کە تەواوییەتی ڕێژیم دەکەوێتە مەترسییەوە، بە هاوکاریی ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیم و بەتایبەت هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، پلانی نوێ دەگرێتە بەر و بە چەواشەکاری و ملکەچی لە بەرانبەر بەرپرسانی ڕێژیمدا هەوڵ دەدات تا جێ پێی خۆی لەو ڕێژیمەدا توندتر ڕابگرێت.