کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەلک سەلمان: ئێران دەست لە دەستێوەردان و خراپکاری هەڵگرێت

12:18 - 10 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: پاشای عەرەبستان داوای لە ئێران کردووە، دەست له خراپکاری و دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکەدا هەڵ بگرێت.

"مەلک سەلمان"، پاشای عەرەبستان، ڕۆژی پێنجشەممە، ٩ی جۆزەردان، لە دانیشتنی بەپەلەی شۆرای هاوکاریی کەنداودا، ئێرانی بە هەڕەشەیەکی جیددی، بۆ سەر تەناهیی جیهانی ناو لێ بردووە و ئەو ڕێژیمەی بە دەستێوەردان و خراپکاری لە ناوچەکەدا تاوانبار کردووە.

سەلمان هەروەها وتوویەتی: "کۆماری ئیسلامی لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچەکەدا دەستێوەردان دەکات، بەرنامەی ناوکیی خۆی پەرە پێ دەدات و ئازادیی بواری گواستنەوە لە ڕێگا ئاوییەکان دەخاتە مەترسییەوە".

پاشای عەرەبستان، داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کردووە، تا لە دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە لە کاروباری وڵاتانی دیکەدا، بەڕێکردنی "تێرۆریستە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان" و "هەڕەشە بۆ سەر کەشتیڕانی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا" پێشگیری بکەن.

هەروەها عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی داوایان لە ئێران کردووە، ڕێز لە سەروەریی وڵاتانی عەرەبی بگرێت.

"عەباس مووسەوی"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو تۆمەتانەی بە "گاڵتەجاڕ" ناو بردووە و بە توندی ڕەتی کردووەتەوە.

لە بەرانبەردا، "عادڵ جەبیر"، وەزیری ڕاوێژکاریی سیاسەتی دەرەوەی پاشای عەرەبستان وتوویەتی: ئاوا ڕەتکردنەوەی ئەو تاوانانە "جێی پێکەنینە".