کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەئمورانی شارەداریی ڕێژیم هەڵیان کوتاوەتە سەر دەسفرۆشانی شاری "کوهدەشت"

17:18 - 21 خەرمانان 2721

مەئمورانی شارەداریی شاری "کوهدەشت" سەر بە پارێزگای لوڕستان، بە هاوکاریی هێزی ئینتیزامیی ڕێژێم، هەڵیان کوتاوەتە سەر کاسبکارانی دەسفرۆشی ئەو شارە و کۆیان کردوونەتەوە.

بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئەوە چەندەمین جارە، کە مەئموورانی شارەداریی "کوهدەشت" بە هاوکاریی هێزی ئینتزامیی ڕێژیم لە شەقامی سەرەکیی "ڕێبەر" لەو شارە هێرش دەکەنە سەر دەسفرۆشان و کەلوپەلەکانییان فڕێ دەدەن.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە مەئموورانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جگە لە شکاندنی تەرازوو و فڕێدانی کەلوپەلەکانییان میوە و سەوزەڵاتەکانیشیان لەنێو شەقامەکاندا هەڵڕشتوون.

هەروەها ئەو مەئموورانە لەو شارە هێندێک کەلوپەلی وەکوو، تەرازوو و کارتخوانی دەسفرۆشەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەروەها لەسەر ئەو ڕووداوەی "کوهدەشت"،دیمەنێک هەیە کە کوڕێکی منداڵ هاوار دەکا دەڵێ من سەرپەرەست و مشوورخۆری بنەماڵەکەمم،باوکم نییە، کەلوپەلەکانم لەگەڵ خۆتان مەبەن، بەڵام مەئموورانی سەکوتکەری ڕێژیم بە گوێنەدان بە هاوارەکانی ئەو منداڵە، شتومەکەکانی لەگەڵ خۆیان دەبەن.

ڕێژیمی ئێران کە بۆخۆی هۆکاری بارۆدۆخی ناخهەژێنی خەڵکی کوردستان و ئێرانە، هیچ هەوڵێک لە پێناو چاکسازی و بژیوی ژیان و بارودۆخی کۆمەڵگا نادا و ڕێگری لە هەوڵی خەڵک بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان دەکات و ڕۆژ بە ڕۆژ، ئەو مەیدانە لە خەڵک بەرتەسکتر دەکاتەوە.