کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەئموورییەتی جاوید ڕەحمان وەکوو ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان درێژ کراوە

12:26 - 4 خاکەلێوه 2721

شورای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان مەئموورییەتی ''جاوید ڕەحمان''، ڕێپۆرتێری تایبەتی ئەو ڕێکخراوەی لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران سەرلەنوێ درێژ کردەوە.

وڵاتانی ئەندامی شورای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایی ٤٦ـەمین دانیشتنی خۆیان کە بە شێوەی ئانلاین بەڕێوە چوو، دەنگی ئەرێنییان بە ''جاوید ڕەحمان'' دا و مەئموورییەتی ناوبراو وەکوو ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران درێژ کرایەوە.

پێش لەمە و لە بەرەبەری دەنگدان، ٣٩ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی و نێونەتەوەیی لە نامەیەکدا داوایان لە ئەندامانی شورای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کردبوو کە لە ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ لە ئێران پشتیوانی بکەن و وەکوو دەرفەتێک بۆ دەربڕینی نیگەرانیی خۆیان لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران کەڵک وەربگرن و داوا لە ڕێژیمی ئێران بکەن کە کۆتایی بە پێشێلکاریی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ئێران بهێنێت.

''جاوید ڕەحمان''  زیاتر لە سێ ساڵ لەمەوپێش بۆ ئەو ئەرکە هەڵبژێردرا و لەو کاتەوە بە سەرنجدان بە دۆخی پڕ لە نیگەرانیی مافی مرۆڤ لە ئێران هەموو ساڵیک مەئموورییەتەکەی درێژ کراوەتەوە.

سەرەڕای داواکاریی بەردوامی ''جاوید ڕەحمان'' ڕێژیمی ئێران هەتا ئێستا ڕێگەی بە ناوبراو نەداوە کە سەردانی ئێران بکات و لە نزیکەوە دۆخی مافی مرۆڤ تاوتوێ بکات.