کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەئموورێکی ڕێژیم لە پارێزگای "بەندەرعەباسـ"دا کوژرا

18:31 - 19 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: مەئموورێکی ڕێژیمی ئێران لە شارستانی "مینابـ"ـی پارێزگای "بەندەرعەباسـ"دا، لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە کوژرا.

ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی پووشپەڕ، تێکەڵچوونێکی چەکدارانە لە نێوان کەسانی نەناسراو و هێزەکانی ئینتیزامیی ڕێژیمی ئێران لە خاڵێکی پشکنینی شارستانی "میناب"، سەر بە پارێزگای بەندەرعەباس، ڕووی دا.

لەم تێکەڵچوونەدا، ستوان یەکەم ''حوجەتوڵڵا دەشتبانی''، فەرماندەی ئەو خاڵە پشکنینە کوژرا و ستوان دووەم '' سەفدەر سالاری''، بریندار بووە.

ئەم ڕووداوە کاتژمێر ١١:١٠ خولەکی شەوی ڕابردوو ڕووی داوە.

میدیاکانی ڕێژیم لەسەر ئەم ڕووداوە باسیان لەوە کردووە کە ئەم مەئموورە لە لایەن کەسانێکی چەکدارەوە کوژراوە و دواتر هێرشبەران لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵهاتوون.

بەهۆی هەڵسوکەوتی نەشیاوی هێزەکانی ڕێژیم لەگەڵ خەڵکدا، خەڵکی ئێران وەزاڵە هاتوون و زۆر جاریش لە شارەکاندا هێرش دەکرێتە سەر ئەم سەرکوتکەرانە.