کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەئموورێکی ڕێژیم لە پارێزگای "کرمانـ"ـدا کوژرا

12:25 - 16 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: مەئموورێکی ڕێژیم لە شارستانی "ڕوودبار"ی پارێزگای "کرمانـ"ـدا، لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە کوژرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٥ی جۆزەردان، لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە، بە چەکی گەرمەوە هێرش کرایە سەر گرووبانێکی ڕێژیم، بە ناوی "محەمەدئەمین ئەڵڵادادی" و کوژرا.

ئەم گرووبانەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، لە کاتێکدا کە لە نێو شاری ڕوودباردا لەگەڵ مەئموورێکی تر گەشتی لێ داوە، کراوەتە ئامانج.

میدیاکانی ڕێژیم لەسەر ئەم ڕووداوە باسیان لەوە کردووە، کە ئەم مەئموورە لە لایەن کەسانێکی چەکدارەوە کوژراوە و دواتر هێرشبەران لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵهاتوون.

لە سەرەتای ساڵی ٩٧ی هەتاوییەوە تا کۆتایی مانگی سەرماوەزی هەمان ساڵ، ١٩ کەس لە مەئموورانی  بەناو هێزی ئینتزامیی ڕێژیم، لە سنوورەکانی کوردستان و سیستان و بەلووچستاندا کوژراون.

لە ١٩ کوژراوەی ڕێژیم، ٨یان لە سنوورەکانی کوردستاندا بووە، کە ڕێژیم هۆکاری کوشتنیانی بۆ تێکەڵچوون لەگەڵ حیزبە کوردییەکان گەڕاندووەتەوە.

شایانی باسە، کە سنوورەکانی کوردستان و سیستان و بەلووچستان، زۆرترین ئاماری کوژراوانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی تێدایە.

هەروەها بە هۆی هەڵسوکەوتی نەشیاوی هێزەکانی ڕێژیم لەگەڵ خەڵکدا، خەڵکی ئێران وەزاڵە هاتوون و زۆر جاریش لە شارەکاندا هێرش دەکرێتە سەر ئەم سەرکوتکەرانە.