کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"مەنامە" و "ئورشەلیم" ڕێک کەوتن

13:20 - 22 خەرمانان 2720

دوو وڵاتی ئیسرائیل و بەحرەین پێوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە و بەو ئەنجامە گەیشتوون کە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو ڕێککەوتنی ئاشتی واژۆ بکەن.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانان، دەوڵەتی بەحرەین و ئیسرائیل ڕایانگەیاند، گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی ئاشتی.

 وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و ئێرانیش سەرکۆنەی ڕێککەوتنەکەیان کرد. ئێران دەڵێت: "بەو ڕێککەوتنە بەحرەین بوو بە هاوبەشی تاوانەکانی ڕێژێمی ئیسرائیل". تورکیاش دەڵێت: "بە نیگەرانییەوە لە بڕیاری بەحرەین دەڕوانین".

ڕێککەوتنی بەحرەین و ئیسرائیل دوای کەمتر لە یەک مانگ دوای ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات بە سەرپەرستیی ئامریکاوە دێت. ئەو ڕێککەوتنە دژکردەوەی تورکیە و ئێرانی لێکەوتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە: "بەرپرسانی بەحرەین لەمەودوا دەبنە هاوبەش لەو تاوانانەی کە ئیسرائیل ئەنجامیان دەدات و دەبنە هەڕەشەیەکی بەردەوام بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و هەروەها ئاسایشی هەموو جیهانی ئیسلام". 

وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها ڕایگەیاندووە: "بە واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل بەحرەین بەشدار دەبێت لە دەیان ساڵ لە توندوتیژی، سەربڕین، شەڕ، تێرۆر و ڕشتنی خوێنی ستەملێکراوانی فەلەستین و ناوچەکە".

لەدوای ڕێککەوتنی ئیسرائیل لەگەڵ هەر یەک لە وڵاتانی میسر ١٩٧٩، ئۆردۆن ١٩٩٤، ئیمارات ٢٠٢٠، ڕێککەوتنی ئیسرائیل لەگەڵ بەحرەین چوارەم ڕێککەوتنی ئاشتییە کە ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی واژۆی دەکات.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی تورکیه، سەبارەت بە بڕیاری بەحرەین بۆ ئاساییکردنەوەی پێوەندیی دیپلۆماسیی لەگەڵ ئیسرائیلدا ڕایگەیاندووە: "بە نیگەرانییەوە لە بڕیاری بەحرەین دەڕوانین بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ و بونیادنانی پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل و بەتوندی سه‌ركۆنه‌ی دەکەین''.