کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەندیی ئابووری، گەرووی یەکە پیشەیییەکان دەگرێت

13:27 - 3 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: مەندیی ئابووریی ئێران و نابەرپرسایەتیی بەرپرسانی ڕێژیم، بەرۆکی یەکە پیشەیییەکان و کرێکارانی گرتووەتەوە.

٣٥ کرێکاری "کارخانەی پیشەییی خواردەمەنیی کەیوانی هەمەدان"، بە هۆی قەیرانی ماڵی و تەنگەژەی ئابووری و کێشە لە باری دابینکردنی کەرەستە سەرەتایییەکان، دەرکران.

هەروەها ٢٢ کرێکاری کۆمپانیای "پۆڵای شادگان" بەبێ هیچ شرۆڤە و هۆکارێک لەو کۆمپانیایە دەرکران.

لە سەرەتای بانەمەڕی ئەمساڵدا، شەپۆلی دەرکردنی کرێکارانی یەکە پیشەیییەکان، بووەتە هۆی نیگەرانیی کرێکارەکانی دیکەی ئەو یەکانە، کە سەرچاوە لە نابەرپرسایەتیی بەرپرسانی ڕێژیم دەگرێت.

هەروەها، سەعید زەرەندی، جێگری گەڵاڵە و پلانی وەزارەتی پیشە، کانزا و بازرگانیی ئێران، باسی لەوە کرد، کە ٢هەزار یەکەی بەرهەمهێنان، لە حاڵەتی نیوەداخراودان.

هەر لەو پێوەندییەشدا، سەدا ٤٧ی یەکە پیشەیی و بەرهەمهێنەرەکانی پاریزگای ورمێ و ناچالاکبوونی شارەکی پیشەییی ورمێ، هۆکارگەلێکن بۆ بێکاریی زیاتر لە ١٨ هەزار کەس لەو پارێزگایەدا.

لە دوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام لە مانگەکانی گەلاوێژ و خەزەڵوەری ئەمساڵدا و دەرکردنی فەرمانی وەگەڕ خستنەوەی گەمارۆوەکان دژ بە ڕێژیمی ئێران، زۆربەی کارگا و کارخانە پیشەیییەکانی ئێران، تووشی مەندی و داڕمانی ئابووریی بوون و ژمارەیەکیشیان داخراون.