کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەهاباد؛ بەرپرسانی ڕێژیم کێشەی زێراوی شارەکی پیشەیی چارەسەر ناکەن

11:58 - 27 بانەمەڕ 2722

چارەسەرکردنی کێشەی بۆنی ناخۆشی زێراوی شارەکی پیشەیی شاری مەهاباد کە ماوەی چەند ساڵە کێشەیەکی زۆری بۆ دانیشتووانی ناوچە و بە تایبەت گوندەکانی دەوروبەر دروست کردووە، هەتا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە.

ماوەیەکی زۆرە زێراوی شارەکی پیشەیی مەهاباد دەڕژێتەوە نێو زنەکێشەکانی قەراخ جادە و سەرەڕای ئەوەیکە بووەتە هۆی دروستبوونی بۆنێکی ناخۆش، کاریگەریی لەسەر کوالێتیی ئاوی خواردنەوەی گوندەکانی دەوروبەریش داناوە.

شارەکی پیشەیی مەهاباد لە هەژدە کیلۆمیتریی باکووری ئەو شارە و قەراخ ڕێگای مەهاباد ـ ورمێ هەڵکەوتووە. بۆنی ناخۆشی ئەو زێراوە کێشەی بۆ ئەو موسافیرانەش دروست کردووە کە بەم ڕێگایەدا تێدەپەڕن.

هاووڵاتییانی "گوێکتەپە" و چەند گوندی دیکە لەهەمبەر بۆنی ئەو زێراوە لە دۆخێکی خراپدان و هەتا ئێستا چەندین جار سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام وڵامێکیان وەرنەگرتووەتەوە.