کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەهاباد؛ خەڵکی گوێکتەپە بەرەنگاری گەڵاڵەی سپای پاسداران بوونەوە

18:33 - 24 بانەمەڕ 2722

لە دوای ئەوەیکە ''جەلال مەحموودزادە'' بەناو نوێنەری خەڵکی مەهاباد لە مەجلیسی ڕێژیم بە بیانووی دامەزراندنی ناوچەی پیشەیی لە بازاڕ و لەوەڕگەی گوێکتەپە، لە هەوڵدا بوو ۵۰ هێکتار زەوی بۆ کەسانی نزیک لە خۆی داگیر بکات و لە لەوەڕگەی گوێکتەپە بە قووڵایی ۷۰ میتر چاڵی ئاو لێ بدات، شارۆمەندانی گوێکتەپە بە یەکگرتوویی پێشیان پێگرتن و ڕێگایان نەدا ئەو پرۆژە درۆیینە بە ئاکام بگات و ڕێژیم پاشگەز بووەوە.

خەڵکی گوێکتەپە ڕایانگەیاند، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو ٥ چاڵاو لەو جێگایە لێدراوە کە کەسێکی سەر بە ڕێژیم بە ناوی ''موهەندیس دێبوکری''، سەرۆکی پێشووی ئیدارەی کشتوکاڵی مەهاباد، کەڵکی لێ وەردەگرێت.

سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە، هەر ئەو کەسە ۱۲۰ هێکتاری لە لەوەڕگەی گوندی ''ترشەکانـ''ـی داگیر کردووە و ئاوی ئەو چاڵەی بۆ بەکار هێناوە کە بەهۆی هاودەستبوونی لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیم هیچ کارێکیان پێ نەبووە.

خەڵکی شاری گوێکتەپەی مەهاباد ڕایانگەیاندووە، بە توندی دژی هەڵوێستەکانی ''جەلال مەحموودزادە'' و بەخشداری ناوەندی و چەند شورای سەر بە ڕێژیم و سپای پاسدارانن و ناهێڵن سەروەت و سامانی داهاتووی خەڵک بە تاڵان ببرێت.