کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەهاباد "نا"یەکی قورس و گەورەی بە ڕێژیم وت

18:20 - 3 جۆزەردان 2722

ژیار

ڕۆژی هەینی ٣٠ی مانگی گوڵان "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ڕێژیم بە سەردانێک هاتە پارێزگای ورمێ. دەستپێکی ئەو سەفەرە یەک ڕۆژە، بە قەولی خۆیان "دیدار نوێکردنەوە لەگەڵ خەڵکی مەهاباد" بوو. بەڵام کۆمەڵانی بەشەرەفی خەڵکی مەهاباد وەک هەمیشە بوێرانە بە نەهاتنەدەرەوەیان و بایکۆتی ئەو سەردانە نیشانیان دا هیچ بڕوایەکیان بە ڕێژیم و دەستوپێوەندەکانی نییە.

شایانی باسە بە پێچەوانەی سەردانەکانی سەرکۆمارانی پێشوو کە ڕێژیم بۆ نیشاندانی ئێعتباری درۆزنانەی خۆی خەڵکی لە یاریگەی گەورەی شار کۆ دەکردەوە تاکوو بڵێت لەنێو خەڵک خاوەن ڕێز و حورمەتە، بەڵام ئەوجار خەڵکی کوردپەروەری شارستانی مەهاباد بە تێکڕا لە کاتی هاتنی سەرکۆماری ڕێژیم لە ماڵەکانیان نەهاتنە دەرەوە.

خەڵکی مەهاباد سەرجەم شەقامەکانی شاریان چۆڵ کرد و لەو ساتەوەختانەی کە هێلیکۆپتێرەکانی ڕێژیم بەسەر مەهاباددا دەسووڕانەوە، خەڵک هەموو بەوپەڕی غیرەتی کوردانەیان بە لە ماڵ مانەوەیان "نا"یەکی گەورەیان بە ڕێژیم و دارودەستەکەی وت.

مەهاباد هەڵگری مێژوویەکی گەورەی سیاسی و مەدەنییە. خەڵکی مەهاباد لە وێستگە گرینگە مێژووییەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستاندا ئه‌رکی نەتەوەیی خۆیان بەوپەڕی بوێری و فیداکاری بەجێ گەیاندووە.

خەڵکی مەهاباد لەو ساتەوەختانەی ڕێژیمی کۆنەپەرستی پەهلەوی هەموو هێماکانی شوناسی نەتەوەییان قەدەغە کردبوو، ئەوان بە دامەزراندنی "کۆمەڵەی ژ.ک" گەرای بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی و دێموکراتیکیان دەست پێ کرد. پاشان لە چوارچێوەی ئەو بزاڤە نەتەوەییە، هەڵسوڕاوانی گەلی کورد بە دامەزراندنی حیزبی دێموکرات چەخماخەی قۆناغێکی نوێی خەبات بۆ ڕزگارییان دەست پێ کرد. ئەو بزاڤە مەزنە بە دامەزراندی کۆماری کوردستان لەسەر دەستی حیزبی دێموکرات و پێشەوای مەزن لە پێتەختی کۆماری کوردستان لە مەهاباد گەیشتە چڵەپۆپه‌ی خۆی.

خەڵکی مەهاباد جیا لەوه‌یکە لەو وێستگە گرینگەی مێژوویی بزاڤی ڕزگاریی نەتەویی کوردستان پشکی شێریان هەیە، لە بزووتنەوەی چەکداریی ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ لانکەی کۆمەڵایەتیی ئەو شۆڕشە بوون.

لە ساڵەکانی پاش شۆڕشی گەلانی ئێرانیش، مەهاباد و حیزبی دێموکرات و ڕێبەری شەهیدمان دوکتور قاسملوو لە میتینگە بەناوبانگ و مێژووییەکەی گەلی کورد جارێکی دیکە مانیفێستی ڕزگاریی گەلی کوردیان بۆ قۆناغی نوێی سیاسەت و خەبات لەو شارە ڕاگەیاند.

کوشتار و لەسێدارەدانی ٥٩ لاوی بێتاوانی مەهابادی و گرتن و ئێعدامکردنی سەدان کەسی دیکە لە ڕوڵەکانی گەل، باجی ئەو خەباتە بوو کە ڕێژیم لە خەڵکی مەهاباد هەستاندەوە.

بەڵام خەباتی خەڵکی مەهاباد به‌وەندە کۆتایی نایەت، داستان لەسەر داستانیان بۆ درێژەی خەبات و خزمەتی مافی ڕەوای گەلی کورد تۆماریان کردووە بۆ وێنە کاتێک ڕێبەرانی شەهید دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرفکەندی بە دەستی ڕەشی ڕێژیم تێرۆر کران، ئەوە خەڵکی مەهاباد بوون بەوپەڕی بوێری و بڕوایان یەکدەست شاریان داخست و بەو کارەیان پەیامێکیان بە ڕێژیم دا کە ئێمە خوێن و ڕێبازی ڕێبەرانمان یەکجار پێ گەورەیە.

ئێستاش جارێکی دیکە خەڵکی بەشەرەفی مه‌هاباد  لەسەر ڕێباز و بیر و باوەڕی نەتەوەیان بوێرانە بە بایکۆتکردنی پێشوازی لە "ئیبراهیم ڕەئیسی" نیشانیان دا کە چرای خەبات و بزووتنەوە لە جێی خۆی و بە شێوازی گونجاو هەر گەشاوەیە. ئەو دەستپێکە لە بایکۆت و ناڕەزایەتی پێویستە زیاتر و پتەوتر لە هەموو شارەکانی کوردستان ڕەچاو بکرێت.

 پێویستە کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان وەک خەڵکی مەهاباد ڕێژیم بەو شێوەیە بایکۆت بکەن و شەقامی شارەکان بکەنە گۆڕەپانی بەربەرەکانێی سیاسی و مەدەنی .بۆیە پێویستە سپاس و سڵاوێکی شۆڕشگێڕانە بنێرین بۆ سەرجەم خەڵکی مەهاباد کە بەو کارە مەزنەیان چرای دەستپێکی قۆناغێکی نوێیان لە بەرخۆدان داگیرساندووە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.