کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەهاباد/ رێژیم رێپێوانی هێمنانەی هاووڵاتییانی کوردی بۆ پاڵپشتی لە کۆبانێ بە نیوەچڵی کۆتایی پێ هێنا

15:54 - 16 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی مهاباد بە مەبەستی پاڵپشتی و پشتیوانی لە کۆبانێ و مەحکووم کردنی کردەوە نامرۆییەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش رێپێوانێکان بەڕێوەبرد و هێزەکانی رێژیم ئەو خۆپیشاندانەیان تێکدا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٥ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی مەهاباد بە مەبەستی پاڵپشتی لە بەرخۆدانی کۆبانێ رێپێوانێکیان ساز کرد.

هاووڵاتییانی مەهابادی بە بەڕێوەبردنی رێپێوان و کۆبوونەوە، کردەوەکانی گرووپی داعشیان مەحکووم کرد و بە دروشمی هەتا کوردێک بمێنێ، کۆبانێ هەر دەمێنێ و بژی کۆبانێ پاڵپشتی و پشتیوانی خۆیان لە کۆبانێ دەربڕی.

یەکێک لە هاووڵاتییانی بەشداربوو لەو رێپێوانەدا بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند کە هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران لە شوێنی کۆبوونەوەی هاووڵاتییان بوونیان هەبووە و کەش و هەوایەکی ئەمنییەتییان بەو رێپێوانە داوە.

ئەو هاووڵاتییە لە درێژەدا وتی: هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران پێشیان لە درێژەدانی رێپێوانی هاووڵاتییان گرتووە.

لەو پێوەندییەدا، راپۆرتەکان لە شاری سنەوە باس لەوە دەکەن کە ئەو شارە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە میلیتاریزە کراوە.

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان لەلایەن کەمپەینەکانی پاڵپشتیی لە کۆبانێ، ئەمڕۆ چوارشەممە کاتژمێر ٤ی دوانیوڕۆ، کۆبوونەوە لە بەردەم بارەگای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تاران و مەیدانە ئەسڵییەکان لە شارەکانی کوردستان بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ و مەحکووم کردنی کردەوەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش بەڕێوە دەچێت.

رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٥ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، بان‌‌کی‌مۆن سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا هێرشەکانی گرووپی تیرۆریستی داعشی بۆسەر کۆبانێ مەحکووم کرد و ئەو هێرشانەی بە لەشکرکەشی دڕندانە وەسف کرد.

بان‌‌کی‌مۆن لەو بەیاننامەیەدا پشتیوانیی کۆمەڵگای جیهانی لە هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی شاری کۆبانێ بە پێویست لەقەڵەم دا.

هەروەها رێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیەندرواێکدا هێرشەکانی گرووپی تیرۆریستی داعشی بۆسەر هەرێمی کوردستان مەحکووم کرد.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران وێڕای مەحكووم كردنی هێرشی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ سەر كۆبانێ، ئەوپەڕی هاوسۆزی، هاوخەباتی ‌و پشتیوانی خۆی بۆ خەڵكی ئەو ناوچانە دەردەبڕی ‌و داوا لەو دەوڵەت ‌و لایەنانە دەكات سنوورەكانیان بە رووی ئاوارەكان بكەنەوە ‌و ئەركی ئینسانی خۆیان بەجێ‌بێنن.

داوا لە هێزە سیاسییە كوردەكان لە كوردستانی رۆژئاوا دەكا كە لەم هەڵومەرجە ناسكەدا كە بەرەورووی خەڵكی كۆبانێ بۆەتەوە بە یەكگرتوویی‌و بە گیانی تەبایی بەرەورووی تیرۆریستان ببنەوە. ئەركی هەموو خەڵك‌و رێكخراوەكانی كوردییە كە یارمەتی خەڵكی ئاوارەی كۆبانێ و دەورووبەری بدەن.

هەر لەو كاتەدا داوا لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان‌و سەرجەم كۆڕ‌و كۆمەڵە مرۆڤدۆستەكان دەكا كە بە ئەركی ئینسانی خۆیان هەستن‌و بە هانای ئاوارەكانی كۆبانێیەوە بچن كە بوونەتە ئامانجی كردەوەی تیرۆریستییەكانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).