کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولانا عەبدولحەمید: نەتەوەی خۆشەویستی کورد دەبێ بە مافی خۆی بگات

11:58 - 1 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: پیشنوێژی هەینیی شاری زاهێدان، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە کورد دەبێ بە مافی خۆی بگات، داوای لە دەوڵەتی تورکیە کردووە کە لەجیاتیی کردەوەی نیزامی، ڕێگەی دیپلۆماسی و وتووێژ لە بەر بگرێت.

"مەولانا عەبدولحەمید" لەم ڕاگەیەندراوەدا باسی لەوە کردووە کە نەتەوەی کورد یەکێک لە پیرۆزترین و بەناوبانگترین نەتەوەکانی جیهانە کە لە نێوانیاندا، کەسانێکی گەورە لە بواری سیاسی و ئایینییەوە هەڵکەوتوون.

ماوەیەکی زۆرە کە ئەم نەتەوەیە لە وڵاتانی عێراق، ئێران، تورکیە و سووریەدا کەڵکەڵەی بەدەستهێنانی مافی خۆیان هەیە و بەدواداچوونی بۆ دەکەن.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "ئەم نەتەوەیە، لە هەر شوێنێکدا بژین دەبێ بە مافی خۆیان بگەن و ئەمە مافی هەموو نەتەوەیەکە. هەر نەتەوەیەک دەبێ لە شوێنی ژیانی خۆیدا لە چارەنووسی خۆشیدا بەشدار بێت و مافە شەرعی و یاسایی و عورفیەکانی دابین بکرێن".

ئەم کەسایەتییە ئایینیە لە درێژەدا ڕایگەیاندووە: "هێرشە نیزامییەکانی ئەم دواییانەی تورکیە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا، بەشێکی بەرچاو لە جیهانی تووشی ناڕەحەتی کردووە، ئێمە بڕوامان وایە کە شەڕ ڕێگاچارەیەکی باش نییە و جیا لە هاتنە ئارای زیان و قوربانیبوونی خەڵک، هیچ قازانجێکی بۆ نەتەوەکان و وڵاتانیش نییە. ئێمە لەسەر ئەو بڕوایەین کە وتووێژ باشترین ڕێگایە. دەبێ کێشەکان لە ڕێگای وتووێژەوە و لە ڕاستای پێدانی ماف و ئێمتیاز بە نەتەوەکان، ئایینەکان و ئایینزاکان بێت".

ناوبراو لەم ڕاگەیەندراوەدا، ئاماژەی بەوە کردووە کە تورکیە دەبێ بە چاوێکی کراوەوە چاو لە کێشەی کورد بکات و دەبێ کێشەی کورد چارەسەر بکرێت.

پێشنوێژی هەینیی زاهێدان لە کۆتاییشدا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی لەوەی کە نەتەوەی کورد لە وڵاتی عێراقدا بڕیار بۆ چارەنووسی خۆی دەدات، هیوای ئەوەی خواستووە کە نەتەوەی کورد بە مافی خۆی بگات و کێشەکانی چارەسەر بێت.