کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەڕ و ماڵاتی دانیشتووانی ناوچەی مەرگەوەڕ بەهۆی تەبەقە و گۆڵەوە مردار دەبنەوە

18:35 - 29 بانەمەڕ 2720

لە ناوچەی مەرگەوەڕ نەخۆشی لەنێو مەڕ و ماڵاتی خەڵکی ئەو ناوچەیە بڵاو بووەتەوە و دامپزشکیییەکان بەناوی نەبوونی دەرمان بە بیانووی گەمارۆکانەوە، دەرمان بە خەڵک نادەن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نەخۆشیی "تەبەقە و گۆڵە" لەنێو مەڕ و ماڵاتی خەڵک لە ناوچەی "مەرگەوەڕ" سەر بە پارێزگای ورمێ، بڵاو بووەتەوە و ڕێژەیەکی زۆر لەو مەڕ و ماڵاتە مردار بوونەتەوە و خەسارێکی زۆری بە ئاژەڵداران گەیاندووە.

مەڕدارانی ئەو ناوچەیە ڕایانگەیاندووە کە دامپزشکیییەکان پێیان وتوون کە بەهۆی گەمارۆکانەوە دەرمانیان نییە، ئەگەر دەتوانن خۆیان بیکڕن و ئەوان دەرمانەکانیان بۆ لە مەڕ و ماڵاتەکە دەوەشێنن.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە دەرمان و خۆراک گەمارۆی لەسەر نییە و نیشان لە گەندەڵی و وڵامنەدانەوەی خەڵکە بە بیانووی گەمارۆکانەوە.

ئەو دامپزشکیییەکانە کۆی گشتیی دەرمانەکانیان لە دەستدایە و خەڵک دەنێرن کە لە بازاڕی ڕەشدا دەرمان بکڕن.

لە ساڵەکانی پێشووتردا دامپزشکیییەکان لەو پارێزگایە، تیمەکانی خۆی دەنارد بۆ ناوچەکە هەتا مەڕ و ماڵاتی مەڕداران واکسەن لێدە؛  بەڵام نزیک بە دوو ساڵە دەستیان ڕاگرتووە و ئەمەش مەڕدارەکانی لەگەڵ قەیران بەرەوڕوو کردووەتەوە.